نوری مالیكی، كاندیدی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، حه‌شدی شه‌عبی دامه‌زراوه‌یه‌كی ره‌سمییه‌و هه‌ر قسه‌كردنێك له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به یاسا و به بریاری ده‌وڵه‌ت ده‌بێت نه‌ك به قسه‌و قسه‌ڵۆك.
ئاوێنه: نوری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا‌و كاندیدی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له په‌یامێكدا له تۆڕی ئێكس وتی، كاری له پێشینه‌ی ئەمڕۆ هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنی ئەم یان ئەو قەوارەیە نییە، بەڵکو چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنییە.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكه لە سیستمی ئه‌منیی عێراق و بە یاسا دامەزراوه‌و ڕۆڵیشی لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆردا یه‌كلاكه‌ره‌وه بوه. هەر ڕێکخستنێک یان پەرەپێدانێک له كاری دامەزراوە ئەمنییەکاندا، لە چوارچێوەی دیدگای دەوڵەتدا ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه سەروەری و سەقامگیری بپارێزێت، دوربێت له مزایه‌ده‌ی میدیایی.
نوری مالیكی جه‌ختی كرده‌وه، حه‌شدی شه‌عبی دامەزراوەیەکی ره‌سمییه‌و بە یاسا دامەزراوە و پەرلەمان ده‌نگی له‌سه‌ر داوه. هەر قسه‌كردنێك له‌باره‌ی هەڵوەشاندنەوە یان تێكه‌ڵكردنی تەنیا لە چوارچێوەی دەستور و یاسا‌و به بڕیاری ده‌وڵه‌ت ده‌بێت، نه‌ك به قسه‌و قسه‌ڵۆك.
ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه دێت كه سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ نوری مالیكی له لێدوانێكدا وتی، دەبێت دەسەڵاتی یاسا بسەپێت و چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت و یەك سوپادا بێت."