ئەحمەد موسەوی ڕایدەگەیەنێت: ئەمەریکا پەیامی نوێی بۆ عێراق ناردوە و هۆشداریی توندی داوەتێ کە ئەگەر مالیکی نەکشێننەوە ئەوا سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت و سەرچاوەیەکی ئاگەداریش دەڵێت: لەم ڕۆژانەدا مالیکی دەکشێتەوە.
ئاوێنە: ئەحمەد موسەوی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوایین هەڵوێستی ئەمەریکاوە ڕایگەیاند: ئەمەریكا پەیامی نوێی بۆ بەرپرسانی عێراق ناردوە بەوەی ئەگەر پێداگربن لەسەر كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، ئەوا سزا بەسەر بانكی ناوەندیی و كۆمپانیای سۆمۆو وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریدا دەسەپێنێت.
ئاشکراشی کرد، کە لایەنەکانی نێو هاوپەیمانییەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەری کێشەی کاندیدی سەرۆکوەزیران و بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیانە مالیكی لەم ڕۆژانەدا پاشەكشە دەكات و ڕێككەوتن لەسەر كەسێكی دیکە دەكرێت و بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران و دواتر ناوەكەی ڕادەگەیەندرێت، بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان ڕێكبخرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکكۆمار دواتریش سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو سەرۆكوەزیران ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.