رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگه‌یاند، ئه‌و زیندانیانه‌ی داعش كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریاوه گواستراونه‌ته‌وه بۆ عێراق، له‌به‌رده‌م مه‌ترسی بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملی، دادگاییكردنی نادادپه‌روه‌رانه، ئه‌شكه‌نجه‌دان، مامه‌ڵه‌ی خراپ و پێشێلكردنی مافی ژیانكردندان.
ئاوێنه: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، له راپۆرتێكدا بڵاویكردۆته‌وه، ئه‌و 5700 زیندانییه‌ی داعش كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریاوه گواستراونه‌ته‌وه بۆ عێراق له‌به‌رده‌م مه‌ترسی بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملی، دادگاییكردنی نادادپه‌روه‌رانه، ئه‌شكه‌نجه‌دان، مامه‌ڵه‌ی خراپ و پێشێلكردنی مافی ژیانكردندان.
ساره سه‌نبه‌ر، لیكۆڵه‌ری عێراق له رێكخراوه‌كه وتویه‌تی، به‌چاوپۆشین له ئینتیمای ئه‌و زیندانیانه‌و كرده‌وه‌كانیان، ئه‌وان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌بێ ره‌چاوكردنی رێكاره یاساییه پێویسته‌كان، ده‌ستبه‌سه‌ركراون، ئێستاش له وڵاتێكدا ده‌ستبه‌سه‌ركردن كه گه‌ره‌نتی پێویستییان نییه. قوربانیانی تاوانه‌كانی داعش شایسته‌ی دادپه‌روه‌رییه‌كی راسته‌قینه‌ن و ئه‌وه‌ش پێویستی به دادگاییكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی تۆمه‌تبارانه.
هیومان رایتس ۆوچ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه له‌ڕوانگه‌ی بونی مه‌ترسی گه‌وره له‌باره‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دان له عێراق، پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و زیندانیانه پێشێلكردنی بنه‌مای رێگرییه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، واته نابێت هیچ كه‌سێك بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ وڵاتێك كه ده‌شێ تێیدا روبه‌ڕوی مامه‌ڵه‌ی خراپ ببێته‌وه.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، له سایه‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه له عێراق تۆماركراون له په‌یوه‌ست به رێكاره یاساییه‌كان له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆردا، ئه‌وا رۆڵی ئه‌مریكا له ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌و زیندانیانه‌ی داعش و گواستنه‌وه‌یان بۆ عێراق ده‌یكاته شه‌ریك له هه‌ر پێشێلكارییه‌كدا كه له ئه‌نجامی ئه‌و كاره بكه‌وێته‌وه.
رێكخراوه‌كه داواشی له‌و وڵاتانه كردوه كه له‌نێو ئه‌و زیندانیانه‌دا هاوڵاتیانی ئه‌وان هه‌ن، وه‌ریان بگرنه‌وه‌و ئه‌گه‌ر به‌ڵگه له‌سه‌ر تاوانباربونیان هه‌بو دادگاییان بكه‌ن.
هیومان رایتس ۆوچ ئه‌وه‌ی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه كه دوایین جار عێراق له‌ساڵی 2018 و 2019دا فراوانترین پڕۆسه‌ی دادگاییكردنی ئه‌ندامانی داعشی ئه‌نجامداوه كه نزیكه‌ی ده‌یان هه‌زار به‌و تۆمه‌ته ده‌ستگیركردون و زۆربه‌یان له دادگاییكردنی 10 خوله‌كیدا بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچوه، ئه‌وه‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی پارێزه‌ریان هه‌بێت و ته‌نیا له‌سه‌ر شایه‌تی هه‌واڵده‌رانی نه‌ناسراو و دانپێدانانی ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا، ئه‌و سزایانه‌یان بۆ ده‌رچوه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، عێراق به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سزای له‌سێداره‌دان به‌كارده‌هێنێت به‌تایبه‌ت له دۆسیه‌كانی په‌یوه‌ست به تیرۆره‌وه‌و نزیكه‌ی 8 هه‌زار زیندانی له عێراق سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.