فواد حسێن: بۆچونه‌كانی ئه‌مریكا له‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تدا له‌به‌رچاو ده‌گرین
  2026-02-23       207       

فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ تۆم باراك، نێرده‌ی ئه‌مریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق، پرسێكی ناوخۆییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆچونه‌كانی ئه‌مریكا له‌به‌رچاو ده‌گرین.

ئاوێنه‌: وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی نێوان فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا خستۆته‌ڕو.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، تۆم باراك ستایشی هەنگاوەكەی حكومەتی عێراقی كردوە لە گواستنەوەی ئەندامانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق. لەبەرامبەردا فواد حسێن باسی لەوەكردوە عێراق لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ژمارەیەك لە وڵاتان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو بەندكراوانەی كە لە وڵاتانی خۆیان لە پرسی تیرۆر تێوەگلاون، هەڵوێستی توركیا بەرز نرخاندوە لە وەرگرتنەوەی ئەو كەسانەی كە رەگەزنامەی توركییان هەیە.

لە تەوەرێكی تردا باس لە رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و حكومەتی راگوزەری سوریا كراوە، هەردولا هاوڕابون لەسەر پاڵپشتیكردنی ئەو رێككەوتنەو گرنگیی پابەندبون بە جێبەجێكردنییەوە، بەهۆی ئەو كاریگەرییە راستەوخۆیەی كە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری سوریا هەیەتی.

رەوتی دانوستانەكانی ئێستای نێوان ئه‌مریكاو ئێران تەوەرێكی تری كۆبونەوەكه‌ بوه‌، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە مەترسی هەڵگیرسانی هەر جەنگێك و لێكەوتەكانی كردوە لەسەر سەرتاسەری ناوچەكە، جەختی كردۆته‌وه‌ لەسەر ئەوەی عێراق پشتیوانی رەوتی ئاشتیانە و گەڕی ئایندەی دانوستانی تاران و واشنتۆن دەكات كە بڕیارە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە لە جنێڤ بەنێوەندگیری عومان بەڕێوەبچێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق و ئاڵنگارییەكانی تایبەت بە كاندیدەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی كۆمار تەوەرێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌ بوه‌، تۆم باراك روانگەی ئەمریكای لەوبارەیەوە خستوەتەڕو.

لەبەرامبەردا فوئاد حسێن وتویەتی، "پێكهێنانی حكومەت لە عێراق پرسێكی ناوخۆییە، لەگەڵ ئەوەش بۆچونه‌كانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتیش ویلایەتە یەگكرتوەكان لەبەرچاو دەگیرێت، بەوپێیەی وڵاتێكی هاوپەیمانە، به‌شێوه‌یه‌ك كە لەگەڵ پێداویستی هەر حكومەتێكی نوێ لە عێراق بگونجێت بۆ كارلێكی ئەرێنی لەگەڵ سیاسەتی وڵاتانی تر."

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌ختی له‌ گرنگی به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی كردۆته‌وه‌ له‌ماوه‌ی قۆناغی داهاتو تا كاتی ته‌واوكردنی پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×