وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە داخستنی کاتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدای ڕاگەیاند، بەهۆی بونی "كێشه‌ی تەکنیکی"، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە مەترسی ئەمنی دەکەن.
ئاوێنە: مه‌یسه‌م ئەلسافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاندوە، تێکچونی كاره‌كان له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا پێویستی بە "رێکاری خۆپارێزی دەستبەجێ" هەیە، تیمە تەکنیکیەکان دەستیانکردوە بە "دەستنیشانکردن و چاککردنەوە بەپێی ڕێکارە ستانداردە پەسەندکراوەکانی نێودەوڵەتی".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی داهاتودا فڕۆکەخانەکە دەکرێتەوە کاتێک کارەکانی چاککردنەوە و پشکنینی کۆتایی تەواو بو.
وته‌بێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق باسی له‌وه‌كردوه، هیچ مەترسییەکی ئەمنی ناوخۆیی یان دەرەکی لە پشت داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه نیه، ئەو ڕاپۆرتانەی لەم بارەیەوە بڵاودەبنەوە "بێ بنەمان".
راگرتنی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا لە سۆشیال میدیادا قسە و باسی لێکەوتەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق ده‌ڵێن، ڕاگرتنی کارەکانی بە تەنها بە هۆکاری تەکنیکی بوە و کارەکانی چاکسازی لە ئارادایە بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان.
فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تی بەغدا گەورەترین فڕۆکەخانەی عێراقە، ئەو فڕۆکەخانەیه کەوتوەتە 16 کیلۆمەتر له ڕۆژاوای بەغدا، فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تیه و زۆرینه‌ی هێڵه ئاسمانیه‌كانی جیهان گه‌شتی بۆ ده‌كه‌ن.