خالد شاوانی، وەزیری دادی عێراق رایگهیاند، وڵاتەکەی بە هەزاران زیندانی سەر بە ڕێکخراوی داعش” لە سوریاوە وەرگرتوە، دوای ئەوەی لە زیندانەکانەوە گواستراونەتەوە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)وە سەرپەرشتی دەکرا، ئێستاش لە زیندانێکی پارێزراودان کە پێشێلکردنی یان هەڵهاتن لێی ئەستەمە.
ئاوێنە: خالد شاوانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ شهرق ئەلئەوسەت باسی لە چارەنوسی زیندانییە بیانییەکانی سەر بە داعش کرد و ڕایگەیاند، ئەوانەی سەلمێنراون کە دەستیان لە تاوانەکانی دژی عێراقییەکان هەیە، بەغدا ڕادەستی وڵاتی ڕەسەنیان ناکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتانە داوای گەڕانەوەیان بکەن.
ئاماژهی بهوهشكردوه، عێراق هاوکار دەبێت لەگەڵ وڵاتانی گیراوان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانی دژ بە عێراقییەکاندا نییە دوای تەواوبونی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکان، هاوکات لێکۆڵینەوەی ئەوانی تریش بەپێی یاساکانی عێراق بەردەوام دەبێت.
خالد شاوانی وتیشی، وەزارەت بەرنامەی چاکسازی لەناو زینداندا دەگرنەبەر، لەوانەش بەرنامەی میانڕەوی بۆ بنبڕکردنی بیری توندڕەوی و فێرکردنی لێهاتویی لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی زیندانییەکان نەبنە هەڕەشەی داهاتو.
سەعید ئەلجیاشی، ڕاوێژکاری کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رایگهیاند، "گواستنەوەی دیلەکانی داعش لەسەر داوای ئاسایشی نیشتمانی بوە، بارودۆخێکی ناوازە لە سوریا ڕویداوە کە زیندانەکان توشی ئاژاوەی ئەمنی بون، هەندێک زیندانی کرانەوە و زیندانییەکان هەڵهاتن، بۆیە پێویست بو زیندانییەکان بگوازرێنەوە بۆ عێراق و بیانخەنە زیندانە پارێزراوەکانەوە".
ئاماژهی بهوهشكرد، عێراق هەمو ڕێوشوێنێکی پێویستی خۆپارێزی ئەمنی بە بەشداری هەمو دەزگا ئەمنییەکان و بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری گرتەبەر و گواستنەوەکەش بە چاودێریی دەزگای دژە تیرۆر ئەنجامدراوە، گواستنەوەکە بە سەرکەوتویی تەواوبوە بەبێ هیچ هەڵەیەک رویداوه.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە 21ی مانگی رابردودا دەستپێکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی دیلەکانی داعش لە سوریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق ڕاگەیاند.
هەروەها لەوکاتەدا باسی لهوهكرد، "ئەرکی گواستنەوەکە بە هاوبەشی لەگەڵ سەرکەوتنی هێزەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد لە گواستنەوەی 150 ئەندامی داعش کە لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە شاری حەسەکەی سوریا ڕاگیرابون، بۆ شوێنێکی سەلامەت لە عێراق".