عێراق لەبارەی بەزاندنی خاکەکەی هەڵوێستی توندی راگەیاند
  2026-02-28       210       

هێزە گشتییە ئەمنییەکانی عێراق لەبارەگای فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیرانی بەغدا کۆبوونەوە و تیایدا دەستدرێژی بە هەموو شێوەکانیەوە رەتیانکردەوە و دەشڵێن "لە دەرئەنجامەکانی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەدا بۆسەر چەند بنکەیەکی عێراقی، چەندین کەس شەهیدبوون و برینداربوونی جۆراوجۆری لێکەوتەوە".


ئاوێنە: سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەمیانی راگەیەندراوێکدا دەڵێت "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکان لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە ئامادەبووبی بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و بەرپرسی دەزگای هەواڵگری و بەرپرسی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆک ئەرکانی سوپا و سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان".

دەشڵێت "بەڕێزیان پێداچوونەوەی بە بارودۆخی ئەمنی کرد دوای دەستدرێژی کردنە سەر چەند پێگەیەکی عێراق و ئەو پێشهات و پەرەسەندن دەستدرێژیانەی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران".

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی عێراق بە حکومەت و گەلەوە دووپاتکرایەوە، کە لۆژیکی شەڕ و دەستدرێژی بە هەموو شێوەکانیەوە ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری دا لە دەرئەنجامەکانی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی کە ژمارەیەک شوێنی عێراقی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا چەندین کەس شەهیدبوون و برینداربوونی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا هێرشه ناڕەواکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەموو هێرشەکانی دژ بە گەل و سەروەری و دامەزراوە دەستوورییەکانی سەرکۆنە کرا.

پاشان ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە هۆشداریی خۆیان دووپاتکردەوە لە هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری و ئاسمان و خاکی عێراق، یان بەکارهێنانیان وەک ڕێڕەو یان شوێنی هێرش کردنە سەر ئێران، هەروەها هەر هەوڵێکی بۆ ڕاکێشانی عێراق بۆ ململانێ ڕەتکرایەوە بە بەکارهێنانی خاکەکەی یان ئاوە خاکییەکانی وەک بیانوویەک بۆ ئەو جۆرە کارانە، حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری خۆی پەنا بۆ هەموو ئەو ڕێگایانە دەبات کە یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان ڕێگەی پێداوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی عێراق دووپاتکرایەوە سەبارەت بە پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و ڕێگەی ئاشتیانە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەی پێداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە هەموو ناوچەکە ڕووبەڕووی دەرئەنجامی پێشبینینەکراو دەبێتەوە و وڵاتە زلهێزەکان بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت بە ڕووحییوتی بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن و بەشدارییەکی کاریگەرانە بکەن لە دۆزینەوەی چارەسەر و دوور لە بژاردە سەربازییەکان.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەکۆتایدا راشیگەیاندووە "لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە هەڵوێستی پتەو و پرەنسیپ و دەستووری عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی ڕێگەی نائاشتیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێ و قەیرانەکان ئەمەش هەڵوێستێکە لەلایەن هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی عێراقەوە هەڵبژێردراوە و لەلایەن هەموو هێزە نیشتمانی و سیاسییەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×