بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (١٧ی ئازاری ٢٠٢٦)، بەغدا و چەند ناوچەیەکی تری عێراق شەپۆلێکی توندی پێکدادان و هێرشی درۆنییان بەخۆوە بینی، کە بە چڕترین هێرش دادەنرێت لە دوای دەستپێکردنی گرژییەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو.
ئاوێنە: سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز ڕووبەڕووی هێرشێکی چڕی درۆن و موشەک بووەتەوە. سیستەمی بەرگری باڵیۆزخانەکە چەند درۆنێکی خستووەتە خوارەوە، بەڵام درۆنێکیان لە ناو حەوشەی باڵیۆزخانەکە کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و بەرزبوونەوەی دووکەڵ.
کوژرانی "ئەبو عەلی عەسکەری": کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی بەرپرسی ئەمنی دیاری خۆیان (ئەبو عەلی عەسکەری) ڕاگەیاند. هاوکات "حاجی ئەبو موجاهید عەساف" وەک شوێنگرەوەی ئەو دیاری کرا.
لە ناو جەرگەی بەغدا، درۆنێک خۆی بە سیاجی سەرەوەی فوتێڵی ڕەشیددا کێشاوە. لە باشووریش، کێڵگەی نەوتی مەجنون لە بەسرە کراوەتە ئامانج، کە پێشتر کارمەندە بیانییەکان شوێنەکەیان چۆڵ کردبوو.
هەرێمی کوردستان: لە هەمان کاتدا، هێزەکانی هاوپەیمانان چەند هێرشێکی درۆنییان بۆ سەر شاری هەولێر و فڕۆکەخانەکەی تێکشکاندووە.
حکومەتی عێراق ئەم هێرشانەی بە "کارێکی تیرۆریستی" وەسف کرد و هۆشداری دا لەوەی ئەم پەرەسەندنانە لێکەوتەی مەترسیداریان دەبێت.