سەرۆک وەزیرانی عێراق: بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدایە
  2026-03-22     

لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق کە بۆ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران دەگەڕێنرێتەوە، ئاڵۆزییە ئەمنی و سیاسییەکان لە وڵاتدا ڕوو لە هەڵکشانە. ئەمەش لە کاتێکدایە هۆشداری دەدرێت لە لێکەوتەکان کە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی عێراق دەبێت و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەخاتە بەردەم تەحەدای گەورە بۆ سەپاندنی سەروەری و کۆنتڕۆڵکردنی بڕیاری شەڕ و ئاشتی.

ئاوێنە: ​محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە جەختی کردەوە کە حکومەت دەستەوەستان ناوەستێت بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک کە خوێنی عێراقییەکان بکاتە ئامانج یان دەستکاریی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات.

​سودانی لە میانی سەردانێکیدا بۆ بارەگای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی لە بەغداد، کە تێیدا لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکاریی ئەو هێرشە بوو کە دوێنێ کرایە سەر بارەگاکە و بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی دەزگاکە، ڕایگەیاند: "ئەوانەی ئەم تاوانە ترسنۆکانەیان ئەنجامداوە، گروپێکی ترسنۆکن کە خوێنی عێراقییان حەڵاڵ کردووە و بەزاندنیان بەرامبەر دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەنجامداوە." هەروەها وتیشی: "هەر کەسێک بوێری ئەوە بکات دەست بۆ خوێنی عێراقی ببات، نوێنەرایەتی عێراق ناکات و هیچ عەقیدەیەک پاساو بۆ ئەم تاوانە ناهێنێتەوە، ئەگەر هەشبێت ئەوا عەقیدەیەکی شێوێنراو و وێرانکەرە."

​ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت بە لۆژیکی دانایی و بەرپرسیارێتی مامەڵە دەکات، بەڵام "دەستەوەستان نابێت بەرامبەر تاوانی ڕشتنی خوێنی عێراقی و بەزاندنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات."

​بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سودانی داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و هەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەکەنە ئامانج و هەڕەشە لە داهاتووی وڵات دەکەن. وتیشی: "هەندێک کەس مافی دیاریکردنی بڕیاری شەڕ و ئاشتییان بە خۆیان داوە، بەڵام ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئەم بڕیارە تەنیا بۆ دەوڵەتە و ئەو لایەنە ڕێپێدراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق."

​سودانی فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەزگای هەواڵگری کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تر، بەردەوام بن لە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر بارودۆخی هێرشەکە و ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن، هەروەها دوودڵ نەبن لە دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپرس و ڕادەستکردنیان بە دادگا.

سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و کادیری پێشکەوتوو ئەنجامدا، تێیدا گوێی لە ڕاپۆرتێکی ئەمنی گشتگیر گرت سەبارەت بە کارە زانیاریی و مەیدانییەکان لە چوارچێوەی ئەرکەکانی دەزگاکەدا.

 شەوی ڕابردوو چەند موشەکێک ئاراستەی ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کراون، هێرشەکە لە ناوچەی حەی جیهاد لە ڕۆژئاوای بەغدادەوە ئەنجامدراوە و سەکۆی تەقاندنی موشەکەکانیش دوای هێرشەکە لە ناو فڕۆکەخانە تەقیوەتەوە.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×