دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، پێگەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچەی جورف سەخەر لە ناوەڕاستی عێراق ڕووبەڕووی سێ هێرش بوونەوە، ئەمڕۆ دووشەممە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق (ئەو گرووپە چەکدارەی کە لایەنگری ئێرانە)، درێژکردنەوەی بڕیاری ڕاگرتنی بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ڕاگەیاند.
ئاوێنە: بەڵام هۆشداریی دا کە "مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکانی دوژمن دەکەن و لە ڕێگەی نێوەندگیرەوە میکانیزمی وەڵامدانەوەی ئەو پێشێلکارییانە ڕادەگەیەنن، لەوانەش ئەوەی لە گەڕەکی زاحیەی باشووری بەیروت ڕوویدا."
لە لایەکی دیکەوە، ئەم گرووپە تێوەگلانی خۆی لە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بارەگای دەزگای هەواڵگری لە بەغدا ڕەتکردەوە.
کەتائیبی حزبوڵڵا بە شێوەیەکی سەرەکی لە بنکەی جورف سەخەر (کە بە جورف نەسر-یش ناسراوە) جێگیرن و لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیشدا چەند لیوایەکیان هەیە. سەرچاوەیەک لەو گرووپەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە هێرشەکانی ئێوارەی یەکشەممە "کەتائیب"ـە لایەنگرەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
بەڵێنەکەی پێشوو
پێشتر کەتائیبی حزبوڵڵا بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو بەڵێنی دابوو بۆ ماوەی "پێنج ڕۆژ" هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕابگرێت، ئەمەش بە چەند مەرجێک، کە ئەوانیش:
- ڕاگرتنی ئیسرائیل لە ئاوارەکردن و بۆردومانکردنی گەڕەکی زاحیەی باشووری بەیروت.
- پابەندبوون بە بۆردوماننەکردنی ناوچە نیشتەجێبوونەکانی بەغدا و پارێزگاکان.
- کشانەوەی توخمەکانی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA) لە وێستگەکانیان و هێشتنەوەیان تەنها لەناو باڵیۆزخانەدا.
هەروەها جەختی کردەوە کە "لە ئەگەری پابەندنەبوونی دوژمن، وەڵامدانەوەکە ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی چڕ دەبێت و دوای تەواوبوونی وادەکەش ئاستی هێرشەکان بەرز دەکرێتەوە."
بەگوێرەی فرانس پرێس، لە کاتی ئەو ڕاگەیەندراوەوە تا ئێستا هیچ هێرشێک بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا تۆمار نەکراوە.
چوارچێوەی ململانێکان
شایانی باسە لە دوای ئەو هێرشەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتەوە بۆ سەر ئێران دەستیان پێکرد، عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە شەڕەکەی بۆ پەلی کێشاوە؛ بەو پێیەی هێرشی یەک لە دوای یەک دەکرێتە سەر بارەگای گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری تاران، لە بەرامبەردا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکرێنە ئامانج کە باڵیۆزخانەی ئەمریکاش یەکێکیانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای عێراق جەختی کردبووەوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، وڵاتەکە پەلکێشی ناو ململانێ هەرێمییەکان دەکات.
هاوکات ئێرانیش هێرش دەکاتە سەر گرووپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان.
لە لایەکی ترەوە، گرووپە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران کە لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت "بەرگری ئیسلامی لە عێراق" کۆبوونەتەوە، ڕۆژانە بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر "بنکە ئەمریکییەکان" لە عێراق و ناوچەکەدا.