مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران و د. له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا. له په‌یوه‌ندییه‌كه پزیشكیان ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مریكاو ئیسرائیلی بۆ سه‌ر هێزه عێراقییه‌كان كردوه‌و د. له‌تیف ره‌شید رایگه‌یاندوه، جه‌نگ له‌دژی ئێران هه‌نگاوێكه له‌دژی هه‌مو گه‌لانی موسوڵمانی ناوچه‌كه.
ئاوێنه: به‌پێی میدیای ره‌سمی ئێران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران و د. له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامداوه و گفتوگۆیان له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه كردوه.
له په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا پزیشكیان سوپاسی هه‌ڵوێستی ره‌سمی حكومه‌ت و گه‌لی عێراق و مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌كانی كردوه له پشتیوانیكردنیان له ئێران و په‌یامه‌كانی سه‌ره‌خۆشییان به بۆنه‌ی كوژرانی عه‌لی خامنه‌ییه‌وه.
سه‌رۆك كۆماری ئێران جه‌ختی له مافی خۆیان بۆ كردنه ئامانجی بنكه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه كردۆته‌وه‌و وتوشیه‌تی، ده‌بێت هۆشیار بین له‌به‌رامبه‌ر پیلانه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل كه خه‌ریكی دروستكردنی دوبه‌ره‌كین له‌نێوان وڵاتانی موسڵمان.
هه‌روه‌ها پزیشكیان ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مریكاو ئیسرائیلی كردوه بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی هێزه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی عێراق و ئاماده‌یی ئێرانی ده‌ربڕیوه بۆ هاوكاریی زیاتر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌روه‌ها پێشوازی له‌وه كردوه كه سه‌رۆك كۆماری عێراق له ده‌رفه‌تێكی گونجاو‌دا سه‌ردانی تاران بكات.
به‌پێی میدیا ئێرانییه‌كان له‌لای خۆیشیه‌وه سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مریكاو ئیسرائیلی بۆ سه‌ر ئێران كردوه‌و جه‌ختی له هاوسۆزی عێراق بۆ گه‌لی ئێران كردۆته‌وه له به‌رگریكردنیان دژبه هێرشه‌كان.
له‌تیف ره‌شید هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه كه جه‌نگ له‌دژی ئێران هه‌نگاوێك له‌دژی هه‌مو میلله‌تانی موسڵمان و ناوچه‌كه و پێداگریی كردوه له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی وڵاته‌كه‌ی بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌م جه‌نگه‌و رێگه‌نه‌دان به به‌كارهێنانی خاكی عێراق بۆ ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ئێران.