فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، عێراق بۆته به‌شێك له جوگرافیای ئه‌و جه‌نگه‌ی كه له‌ئارادایه، وێڕای ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه. هه‌روه‌ها داوا ده‌كات له ئه‌گه‌ری درێژه‌كێشانی جه‌نگدا، ئه‌وروپا پشتیوانی دارایی پێشكه‌ش به عێراق بكات.
ئاوێنه: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له دوبراڤكا شویسا، كۆمیسیاری یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ كاروباری ناوچه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست پێگه‌یشتوه.
دوبراڤكا شویسا، هاوسۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپای بۆ عێراق و گه‌له‌ی له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاڵه‌نگارییه‌كان و ئه‌و ھێرشانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ری ده‌ربڕی.
هه‌ردولا تاوتوێی لێكه‌وته‌كانی جه‌نگی ناوچه‌كه‌یان كردوه له‌گه‌ڵ كاریگه‌رییه ئابورییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا ئه‌وه‌ش له‌سایه‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت.
لای خۆیه‌وه فواد حسێن جه‌ختی كردۆته‌وه كه عێراق، به‌هۆی پێگه جوگرافییه‌كه‌یه‌وه، به‌داخه‌وه، بۆته به‌شێك له جوگرافیای جه‌نگه‌كه، وێڕای ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی حكومه‌تی عێراق ره‌تكردنه‌وه‌ی جه‌نگه وه‌ك ئامڕازێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان و باوه‌ڕی به گفتوگۆ و دانوستانه.
فواد حسێن هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه كه عێراق به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه زیانی گیانی به‌ركه‌وتوه، زیانی گیانی له ریزه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقدا هه‌بون.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، به‌رده‌وامی جه‌نگ ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئابوریی عێراق ده‌بێت به‌تایبه‌ت له‌سایه‌ی بونی كۆسپ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت و جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه له‌م قۆناغه‌دا عێراق پێویستی به پشتیوانی ئه‌وروپایه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا فواد حسێن، پێشنیاری كردوه كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌وروپی پاڵپشت به رێككه‌وتنی شه‌راكه‌تی نێوان عێراق و یه‌كێتی ئه‌وروپا پێكبهێنرێت بۆ تاوتوێكردنی میكانیزمی پێشكه‌شكردنی پشتیوانی دارایی به عێراق به‌تایبه‌ت له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامبونی شه‌ڕ بۆ ماوه‌یه‌كی دورودرێژ و هه‌روه‌ها راسپاردنی دامه‌زراوه داراییه‌كانی ئه‌وروپا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.