عه‌دنان فه‌یحان، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان كۆده‌بنه‌وه بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دیاریكردنی واده‌ی دانیشتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار.
ئاوێنه: عه‌دنان فه‌یحان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا جه‌ختی له‌سه‌ر سوربونی په‌رله‌مان كرده‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رپرسیارێتییه ده‌ستورییه‌كان و هه‌نگاونان بۆ ته‌واوكردنی شایسته‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتیشی، له‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان ئه‌نجامده‌دات بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و دۆسیه‌یه‌و گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌سه‌ر دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار.
عه‌دنان فه‌یحان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، له‌و دۆخه هه‌ستیاره‌ی كه ناوچه‌كه به‌گشتی و عێراقی به‌تایبه‌تی پێدا تێپه‌ڕده‌بێت، له هێزه سیاسییه‌كان ده‌خوازێت كه به‌رپرسیارێتی خۆیان هه‌ڵبگرن و پشتیوانی له‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات له‌سه‌رو هه‌مو شتێكی دیكه‌وه دابنێن و په‌له‌بكرێت له به‌دیهێنانی ئه‌م شایسته ده‌ستورییه‌دا.
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختیشی كردۆته‌وه، ئاڵه‌نگارییه‌كانی ئێستا پێویستی به بونی حكومه‌تێكه كه ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی هه‌بێت و بتوانێت خواسته‌كانی گه‌لی عێراق له ئاسایش و سه‌قامگیری و گه‌شه‌پێدان به‌دی بێنێت.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه كه دواكه‌وتن له‌م بابه‌ته‌دا ده‌كرێت ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌دای دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت هه‌بێت.