سوپای سووریا: بەرپەرچی هێرشێکی درۆنی بەرفراوانمان لەسەر سنووری عێراق دایەوە
  2026-03-30       188       

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، ڕۆژی دووشەممە، ڕایگەیاند کە چەندین بنکەی سەربازی لە نزیک سنوورەکانی عێراق ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان بوونەتەوە لە ڕێگەی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ەوە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بەرپەرچی زۆربەیانی داوەتەوە و هەڕەشەی "وەڵامدانەوەی گونجاو"یشی کرد.

ئاوێنە: بەپێی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) گواستوویەتیەوە، دەستەکە ڕایگەیاندووە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی بەرفراوان لە ڕێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، چەندین بنکەی سوپای لە نزیک سنوورەکانی عێراق کردووەتە ئامانج."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "یەکەکانی ئێمە توانیویانە بەرپەرچی زۆربەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بدەنەوە و بیانخەنە خوارەوە،" و ڕوونیشی کردەوە کە "لە ئێستادا تاوتوێی بژاردەکانی دەکات و بۆ لەکارخستنی هەر مەترسییەک و ڕێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی سووریا، وەڵامی گونجاوی دەبێت."

پێشتریش، دوای زنجیرەیەک هێرشی پێشووتری درۆن و مووشەک بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ناو خاکی سووریا، لە نێویاندا بنکەکانی خەراب جیر و قەسرەک، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزێکی پشتیوانیی سەربازیی زۆری بەرەو سنوورەکانی عێراق لە دیوی پارێزگای حەسەکەوە جووڵە پێکردبوو، ئەو هێزانە بە درێژایی شریتی سنووری لە دەروازەی یەعڕووبیە لە گوندەوارەکانی حەسەکەوە تا دەگاتە دەروازەی ئەلبوکەمال لە پارێزگای دێرەزوور بڵاوکراونەتەوە، کە ئەمەش وەک کاروانێکی سێیەمی هێزەکانی پشتیوانی دێت و نزیکەی ١٠٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی پڕچەککراو بە چەکی قورس لەخۆدەگرێت.

پێشتر، بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاندبوو کە بنکەی قەسرەک بە چوار درۆن کراوەتە ئامانج کە لە ناو خاکی عێراقەوە هەڵفڕیبوون، بەڵام بەبێ زیان خراونەتە خوارەوە.

 هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد هەماهەنگییەکان بەهێزتر بکەن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، کە هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە چەندین بنکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×