ئەمریکا هۆشداریی توند دەدات: زانکۆ ئەمریکییەکانی بەغدا و سلێمانی و دهۆک لەژێر هەڕەشەی بۆردووماندان
  2026-04-02       289       

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداریی بەپەلە دەداتە هاووڵاتییانی و داوایان لێ دەکات بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکان و ئەگەری بۆردوومانکردنی زانکۆ ئەمریکییەکان، دەستبەجێ خاکی عێراق جێبهێڵن.

ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، زانیارییان پێگەیشتووە کە ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەنیازن زانکۆ ئەمریکییەکان لە شارەکانی بەغدا، سلێمانی و دهۆک بکەنە ئامانج. باڵیۆزخانەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەمە مەترسییەکی جددی و ڕاستەقینەیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا.

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەردەوام دەکرێنە ئامانج. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیی گەورەی بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە و دۆخەکەی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بردووە.

بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات تەنیا ڕێگە وشکانییەکان بەکاربهێنن. ڕێگەکانی وڵاتی ئوردن، کوەیت، سعودیە و تورکیا وەک تەنیا بژاردە دیاریکراون بۆ جێهێشتنی هەمیشەیی خاکی عێراق و گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان.

باڵیۆزخانە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا لە مەرزەکان دەکرێت تاوەکو گەشتیاران بێ زیان بگەڕێنەوە. هەروەها داوا کراوە هاووڵاتییان لە باڵەخانە و دامەزراوەکانی ئەمریکا دووربکەونەوە، چونکە مەترسیی بەردەوامی هێرشی مووشەکی و درۆن لە ئاسمانی عێراقدا بوونی هەیە.

لە ئێستادا خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕاگیراون، بۆیە باڵیۆزخانە داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆراک و دەرمانی پێویست کۆگا بکەن. هەروەها ڕێنمایی دراوە کە بۆ پاراستنی سەلامەتییان، هەمیشە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی وڵاتەکەیان لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×