نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ڕۆژێک لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیازێکی واشنتن بە "قبوڵنەکراو" وەسف کرد، کە بووە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر دابینکردنی وزە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە کاتی بەردەوامی داخرانی نیمچە تەواوی گەرووی هورمزدا.
ئاوێنە: لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 4% بەرزبوونەتەوە و گەیشتوونەتە 105.5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی خاوی تەکساسی ئەمریکی 4.8% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو هەردوو جۆرەکەی نەوت بە زیانی 6% داخران، بەهۆی ئەو هیوایەی کە هەبوو بۆ کۆتاییهاتنی نزیکی ئەو ململانێیەی 10 هەفتەیە بەردەوامە، کە ڕێگەخۆشکەر دەبوو بۆ تێپەڕبوونی نەوت بە گەرووی هورمزدا.
پریانکا ساچدیڤا، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕ لە کۆمپانیای "فیلیپ نۆڤا" ڕایگەیاند: "بازاڕی نەوت وەک ئامێرێکی بەرهەمهێنانی مانشێتە جیۆپۆلیتیکییەکان کار دەکات؛ نرخەکان بە توندی هەڵدەکشێن و دادەکشێن بەپێی هەر لێدوان، ڕەتکردنەوە، یان هۆشدارییەک کە لە واشنتن و تارانەوە دەردەچێت."
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ترەمپ بگاتە پەکین، چاوەڕوان دەکرێت لەوێ لەگەڵ شی جین بینگ، سەرۆکی چین، تاوتوێی پرسی ئێران و چەند پرسێکی دیکە بکات.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕ لە "IG"، لە تێبینییەکدا وتی: "ئێستا تەواوی سەرنجی بازاڕ لەسەر سەردانەکەی سەرۆک ترەمپە بۆ چین لەم هەفتەیەدا." ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوایەک هەیە کە بتوانێت پەکین قایل بکات تا هەژموونی خۆی بەسەر ئێراندا بەکاربهێنێت بۆ فشارکردن بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی گشتگیر و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی گەرووی هورمز."
ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی، دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند کە جیهان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نزیکەی یەک ملیار بەرمیل نەوتی لەدەستداوە، بازاڕەکانی وزەش کاتیان دەوێت تا جێگیر دەبنەوە، تەنانەت ئەگەر هەناردەکردنی نەوتیش دەست پێ بکاتەوە.
داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ کەشتیوانی نیشانی دەدەن کە ئەم هەفتەیە دوو کەشتی تانکی تری نەوتی خاو گەرووی هورمزیان جێهێشتووە لە کاتێکدا ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتنیان کوژاندووەتەوە بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی ئێران بەدوور بن، ئەمەش جەخت لەسەر ئەو ئاراستە توندە دەکاتەوە کە بۆ پاراستنی هەناردەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیراوەتە بەر.
هاوکات، بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک نرخی دۆلار لە بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی دیکەدا لە مامەڵە ئاسیاییەکاندا بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی داتای بەهێزی بازاڕی کار لە ئەمریکا و زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار وەک "پەناگەیەکی ئارام" بەهۆی ئەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران بوونەتەوە.