وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی کاتییە و پەیوەندیی بە چەند هۆکارێکی تەکنیکییەوە هەیە، داواش لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان لە کڕینی بەپەلەی دۆلار بەدوور بگرن بۆ ئەوەی تووشی زیانی دارایی نەبن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی لە لێدوانێکدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بەهای دراو ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنەپێشەوەی چەند هۆکارێکی تەکنیکییەوە، ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە بڕی هەزار بۆ دوو هەزار دینار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی دڵنیایی دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم هەڵکشانەی نرخی دۆلار جێگیر نییە و تا سەر بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵکوو لە داهاتوویەکی نزیکدا نرخەکەی ڕوو لە دابەزین دەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەبار گۆران داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییان و مامەڵەکارانی بازاڕ کرد و وتی: "داواکارم هاووڵاتییان لەم کاتەدا پەلاماری کڕینی دۆلار نەدەن، چونکە نرخەکەی دادەبەزێتەوە و نامانەوێت بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە کاتییەوە زەرەرمەند بن."