٤٠ هەزار نەخۆشی شەکرە لە شاری هەولێر هەیە
  2019-11-03       2728       
بەڕێوەبەری سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە دەڵێت، ''لە شاری ھەولێر، ٤٠ هەزار و ٧٥٩ توشبوو بە نەخۆشی شەکرە لە سەنتەرەکەمان تۆمار کراون، کە تیاییدا لەم ژمارەیەش ٨٩٣ منداڵ هەیە، زیاتر لە ٧ هەزار توشبووش ئاوارە و پەنابەرن و ٣٢ هەزار و ٨٦٦ توشبووش خەڵکی سنووری پارێزگای هەولێرن''.

ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا شوان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە رایدەگەیەنێت کە تا ئێستا نزیکەی چل ھەزار توشبوو بە نەخۆشی شەکرە لە شاری ھەولێر تۆمار کراون و زانا خالید، پەرلەمانتار لە لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان ٧٠٠ ئامێری پشکنینی نەخۆشی شەکرەی بۆ سەنتەرەکانی پشکنینی نەخۆشییەکانی شەکرە لە شاری ھەولێر دابینکردووە.

هاوکات بەڕێوەبەری سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە راگەیاند کە لە شاری ھەولێر، ٤٠ ھەزار و ٧٥٩ توشبوو بە نەخۆشی شەکرە لە سەنتەرەکەمان تۆمار کراون، کە تیاییدا لەم ژمارەیەش ٨٩٣ منداڵ ھەیە، زیاتر لە ٧ ھەزار توشبووش ئاوارە و پەنابەرن و ٣٢ ھەزار و ٨٦٦ توشبووش خەڵکی سنووری پارێزگای ھەولێرن. شوان ئیسماعیل ئەوەیشی خستەڕوو کە دواین حاڵەتی تۆمارکردنی نەخۆشی شەکرە ھاووڵاتییەکی سووری بووە کە بەم دواییە بەھۆی بارودۆخی سووریاوە ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشکردنی ئامێرەکانیش، شوان ئیسماعیل وتی، ''ئەو ئامێرنەی بۆ سەنتەرەکەمان دابینکراوە ناتوانین بۆ ھەموو نەخۆشانی دابین بکەین بەڵام ئەوانەی پێشتر توشی نەخۆشی شەکرە بوونە زۆربەیان ئامێری پشکنینیان ھەیە، بۆیە ئەو ئامێرانە دەدەین بەو کەسانەی کە تازە توشی نەخۆشی شەکرە بوونە یاخود منداڵن''.

نەخۆشی شەکرە جۆرێک شێوانی مێتابۆلیزمی لەشە. لەم نەخۆشییەدا رێژەی گلوکۆزی خوێن بەرز دەبێتەوە و لەش ناتوانێت ئەنسۆلینی پێویست بۆ دابەزاندنی شەکری خوێنبەرھەمبھێنێت یان لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلینەوە خۆڕاگری دەکا و بەم بۆنەوە ئەنسۆلین ناتوانێت کاری ئاسایی خۆی راپەڕێنێت.

نەخۆشی شەکرە دوو جۆری سەرەکی ھەیە کە شەکرەی جۆری یەک بە ھۆی تیاچوونی خانەکانی بێتا لە پەنکریاسدا بەدی دێت کە دەبێتە ھۆی کەموکوڕی بەرھەمھێنانی ئەنسۆلین. لە جۆری دووەمیشدا لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلینەوە خۆڕاگری دەکات و ناھێڵێت رێژەی شەکری خوێن دابەزێنێت. لە شەکرەی جۆری دووەمدا دیارە ھۆکارەکانی بۆماوەیی، قەڵەوی و تەمبەڵی دەوری سەرەکی دەگێڕن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×