ئێران مەرجەکانی بۆ ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ئاشکرا دەکات
  2026-06-04       131       

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا هەڵوێست و مەرجەکانی وڵاتەکەی لەسەر ڕێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ڕاگەیاند. قائانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەمزووانە چەکدارانی لوبنان و سەرجەم پێکهاتەکانی گەل، بەرهەمی ڕاستەقینەی بەرخۆدانی چەند ساڵەی خۆیان دەچننەوە.

ئاوێنە: فەرماندەی فەیلەقی قودس لە میانەی پەیامەکەیدا بە ڕوونی داواکاری سەرەکی و بنەڕەتی وڵاتەکەی لە لوبنان خستە ڕوو و ڕایگەیاند:

"مەرجی سەرەکی بریتییە لە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لەو پێگە و ناوچانەی کە پێش هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کرابوون."

قائانی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەش کردەوە، ئەو دەستکەوتانەی کە بەمزووانە هێزەکانی بەرخۆدان لە لوبنان بەدەستی دەهێنن، بەرهەمی ڕاوەستانەوەی ئەوانە و پەیامێکی ڕوونی سەرکەوتن و سەرفرازییە بۆ تەواوی گەلی ناوچەکە.

ئەم هەڵوێستە توندەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدا دێت، کە پێشتر جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان بە فەرمی گەیشتنی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕاگەیاندبوو. بەپێی گوتەکانی سەرۆکی لوبنان، ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستە لەژێر چاودێری و بە نێوەندگیرییەکی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×