ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو سەرچاوەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاویکردەوە کە هەلیکۆپتەرێکی جەنگی جۆری "ئەپاچی" سەر بە سوپای ئەمریکا دوێنێ لە نزیک گەرووی هورمز کەوتووەتە خوارەوە.
ئاوێنە: هەردوو سەرچاوەکە بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە تیمی هەلیکۆپتەرەکە، کە لە دوو فڕۆکەوان پێکهاتوون، بە سەلامەتی لە شوێنی ڕووداوەکە ڕزگارکراون و گواستراونەتەوە.
بەپێی قسەی یەکێک لە سەرچاوەکان، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی کردووە، دەستبەجێ ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا هەلیکۆپتەرەکە بەهۆی تەقەی ئێرانەوە کەوتووەتە خوارەوە، یان بەهۆی کێشەیەکی میکانیکی و گرفتێکی ترەوە بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی هۆکاری ڕووداوەکە هێشتا بەردەوامن.
لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەردوو فڕۆکەوانەکە سەلامەتن، لە کاتێکدا تا ئەم ساتە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) هیچ لێدوانێکی لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.
ئەم ڕووداوە چەند ڕۆژێک دوای هەڵکشانی گرژییەکان و دواتر هێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە دێت، کە تێیدا دوێنێ دووشەممە، ئیسرائیل و ئێران گورزی سەربازییان ئاڵوگۆڕ کرد پێش ئەوەی ڕاگەیاندنی گەڕانەوە بۆ ئاگربەست و پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە بکەن کە لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە کاری پێدەکرێت.
هەلیکۆپتەری هێرشبەری "ئەپاچی ئەی ئەیچ-٦٤" خاوەنی توانایەکی بەرزی مانۆڕکردن و پێکانی ئامانجەکانە، و دەتوانێت ئۆپەراسیۆنەکان لە نزیکەوە و لە قووڵاییدا و لە کەشوهەوای جیاوازدا جێبەجێ بکات بۆ تێکشکاندنی تانک، کەسەکان، و ئامانجە ماددییەکان لە ژینگەی جەنگی ئاڵۆز و جۆراوجۆردا.
ئەم هەلیکۆپتەرە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە پلاتفۆرمێکی ئاسمانی تەواو بێت بۆ هەڵدانی چەک، و بە تۆپێکی ئۆتۆماتیکی جۆری (M230E1) قەبارە ٣٠ ملم، و سیستەمی موشەکی ئاسمانی باڵ چەماوە تەیار کراوە، سەرباری بوونی سیستەمی موشەکی "هێڵفایەر" کە ئاراستەی ئامانجە دروستەکان دەکرێت، ئەمەش توانای پێدەبەخشێت بۆ جێبەجێکردنی چەندین ئەرکی هێرشبردن بە شێوەیەکی ورد و کارا.
لەو کاتەوەی ئێران گەرووی هورمزی بەڕووی زۆرینەی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتیدا داخستووە، لەسەر پاشخانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی، سوپای ئەمریکا پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی هەلیکۆپتەری ئەپاچی، سەرباری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری "ئێم کیو ٩ ڕیپەر" و فڕۆکەی هێرشبەری جۆری "ئێف-ئەی ١٨" و "ئێف-٣٥"، ئەوەش وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی گەمارۆدانی دەریایی چڕ کە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەنگاوەی ئێران دەستی پێکردووە.
ئەم ڕووداوەش یەکەمین زیانی سوپای ئەمریکایە لە هەلیکۆپتەرەکانی ئەپاچی لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا. پێشتریش ئێران خستنەخوارەوەی نزیکەی ٣٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری "ئێم کیو-٩ ڕیپەر" ڕاگەیاندبوو، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ژمارەیەکی دیکە لە فڕۆکە جەنگییەکانی بەهۆی تەقەی دوژمن یان تەقەی دۆستانەوە لە ماوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆدا لەدەستداوە.