پێگه‌ی ئاكسیۆس بڵاویكرده‌وه، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ڵێت، به‌م زوانه ئیمزا ده‌كرێت، كردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی گه‌روی هورمز به‌بێ وه‌گرتنی باج له خۆده‌گرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه سوككردنی سزاكانی سه‌ر ئێران به‌نده به پابه‌ندبونی به رێككه‌وتنه‌كه هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی ته‌واوبونی رێككه‌وتنه‌كه‌ش له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه بۆ نه‌ته‌نیاهو وه‌كو سوپرایز بوه.
ئاوێنه: پێگه‌ی ئاكسیۆسی ئه‌مریكی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی له زاری دیپلۆماتكارێكی یه‌كێك له وڵاتانی نێوه‌ندگیر و به‌رپرسێكی ئه‌مریكییه‌وه بڵاویكرده‌وه، به‌پێی یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئێران، ئاگربه‌ست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ ده‌كرێته‌وه كه لوبنانیش ده‌گرێته‌وه‌و لەو ماوەیەدا دانوستانە ئەتۆمییەکان بەڕێوەدەچن. دەقەکە چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەخۆدەگرێت به‌ڵام هەر جۆرە ڕێکارێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، جێهێڵراوه بۆ ڕێککەوتنی دوەم كه ورده‌كارییه‌كان له‌خۆده‌گرێت.
ئەو دیپلۆماتکارەی یەکێک لە وڵاتانی نێوەندگیر، کە پێداچونەوەی بە دوایین دەقی ڕێککەوتنەکەدا کردوە، به ئاكسیۆشی وتوه "ئەمریکا و ئێران لەسەر دەقی ڕێککەوتنەکە هاوڕان،" بەڵام دانی بەوەدا نا کە ڕێککەوتنەکە هێشتا پێویستی بە پەسه‌ندکردنی کۆتایی هەیە.
بەپێی وتەی دو سەرچاوەی ئاگادار، تا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتنەکە لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە پەسه‌ند کراوە، بەڵام پێدەچێت هێشتا لە لایەن ڕێبەری باڵا موجتەبا خامنەییەوە پەسه‌ند نەکرابێت.
ترەمپ ڕایگەیاندوه، پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئه‌م هەفتەیه‌دا رێوڕه‌سمی ئیمزاكردنی رێككه‌وتنه‌كه له ئه‌وروپا بەڕێوەبچێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وتویه‌تی، تاران "هێشتا نەگەیشتوەتە بڕیاری کۆتایی."
کۆشکی سپی لە ماوەی دو مانگی ڕابردودا چەندین جار پێی وابوە کە ڕێککەوتنەکە نزیکە، بەڵام هەمو جارێک دانوستانەکان شکستیانهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دیپلۆماتکارەکە گەشبینی خۆی نیشان دا کە ئەمجارە دەقەکە جێگیر دەبێت و رێككه‌وتنه‌كه سەردەگرێت.
به‌گوێره‌ی پێگه‌ی ئاكسیۆس چوار فڕۆکەی جۆری C-17ی سەر بە هێزی ئاسمانی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتن، ئەمەش بۆ گواستنەوەی پێویستییه‌كان له ئه‌گه‌ری گەشتی جه‌ی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئه‌مریكا بۆ رێوڕه‌سمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە جنێف لە ڕۆژانی داهاتودا.
بەپێی وتەی دو دیپلۆماتکاری دو وڵاتی نێوەندگیر و دو بەرپرسی ئەمریکی، ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە شەوی چوارشەممە دوای چەندین کاتژمێر لە دانوستانی نێوان عەلی زەوادی، نێوەندگیری قەتەری و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەدەستهاتوە.
دو سەرچاوەی ئاگادار به ئاكسیۆسیان ڕایانگەیاندوە کە لە کاتی دانوستانەکاندا لە تاران، زەوادی چەندین جار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر، نوێنەرانی ترەمپ قسەی کردوە.
ئاكسیۆس هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، ڕاگەیاندنی ته‌واوبونی ڕێککەوتنەکە لە لایەن ترەمپەوە، وه‌كو سوپڕایز بوه بۆ بنیامین نەته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمریکی کە زانیاری ڕاستەوخۆی هەیەو قسه‌ی بۆ پێگه ئه‌مریكییه‌كه كردوه، نەته‌نیاهۆ لەم ڕۆژانەی دواییدا خۆی لە دۆخێکی ناڕوندا بینیوەتەوە و پەیوەندی بە هاوپەیمانەكانییه‌وه كردوه كه نزیکن له ئیدارەی ترەمپەوە بۆ ئەوەی هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری بدات.
وه‌ك ئاكسیۆس ئاماژه‌ی پێداوه، به‌گوێره‌ی ئه‌م یادداشتی لێکتێگەیشتنە، ئێران چەند پابەندییەک لەباره‌ی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەگرێتە ئەستۆ؛ لە سەروی هەموشیانەوە ئەوەیە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت و کێشەی پەیوەندیدار بە یۆرانیۆمه پیتێندراوەکەی چارەسەربکات.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاندوه، ترەمپ ڕازی بوە کە یەکێک لە بژاردەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست بەرزی ئێران بێت لە ناوخۆی وڵاتەکەدا و لە ژێر چاودێری پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکاندا.
ئاكسیۆس هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، به‌گوێره‌ی یادداشته‌كه، هەر هەنگاوێک لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا لە حاڵەتێکدا ده‌نرێت كه ڕێککەوتنی دوەم بێتە ئاراوە؛ ئەمەش ئەگەرێکی نادیارە به‌راورد به‌وه‌ی كه تەنانەت دانوستانەکان له‌سه‌ر ئه‌م یادداشتی لێکتێگەیشتنەش، کە زۆر کەم تەکنیکی بون، كه‌چی به‌و ڕاده‌یه قورس و ئاڵۆز بون.
به‌پێی قسه‌ی دیپلۆماتکارەکە، یادداشتی لێکتێگەیشتنەکە "دەچێتە ناو وردەکاری سەرجەم پرسە ئەتۆمییەکان" و "سەرجەم داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکات."
وه‌ك ئاكسیۆس باسی كردوه، به‌پێی یادداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەستبەجێ گەروی هورمز بەبێ وەرگرتنی باج ده‌كرێته‌وه، لەگەڵ گەڕانەوەی قەبارەی گواستنەوەی دەریایی بۆ ئاستی پێش شەڕ لە ماوەی 30 ڕۆژدا. لە بەرامبەردا، گەمارۆ ده‌ریاییه‌كه‌ی ئەمریکاش لادەبرێت.
پێشتر چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مریكی به ئاكسیۆسیان ڕاگەیاندبو کە دوای کردنەوەی گەروەکە، لێخۆشبونی کاتی لە سزاکان بە ئێران دەدرێت بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت بۆ ماوەی 60 ڕۆژ نەوت بفرۆشێت. ئەمەش داهاتێکی زۆر گرنگ بۆ تاران دابین دەکات.
ئاكسیۆس ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، سوککردنی سزاکان زیاتر دەبێت ئەگەر ئێران پابەندبێت بە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەوەو "نیازپاکی" خۆی لە دانوستانەکانی دواییدا نیشان بدات.
دیپلۆماتکارەکە وتویه‌تی"هیچ واده‌یه‌كی دیاریکراو بۆ سوككردنی سزاکان نییە و ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەوە."
هه‌روه‌ها ئاكسیۆس هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، هێشتا ڕون نییە کە ئایا دەقەکە هیچ ڕونکردنەوەیەکی وردی تێدایە سەبارەت بە چارەنوسی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران لە دەرەوەی وڵات یاخود نا.
ئێران پێداگری لەسەر ئەوە کردوە کە دەبێت دەستبەجێ لەگەڵ واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێکی سەرەتاییدا بڕێک پارە وەربگرێت، لە کاتێکدا ئەمریکا ڕایگەیاندوە کە پارە بلۆككراوه‌کان بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ و بەپێی پابەندبونی ئێران ئازاد دەکرێن.
سەرچاوەیەکی ئەمریکی لە دەرەوەی ئیدارەی واشنتن نیگەرانی خۆی نیشان داوه لەوەی کە ڕەنگە پرسی پارە بلۆککراوەکان لە ڕێککەوتنێکی نهێنیی لاوه‌كیدا چارەسەر کرابێت. بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی لەم دواییانەدا ئەو ئەگەرەی بۆ ئاکسیۆس ڕەتکردبوه‌وه.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی یەکێک لە وڵاتانی نێوەندگیر، ئەمریکاو ئێران و قەتەر لەم ڕۆژانەی دواییدا تاوتوێی میکانیزمێکیان کردوە کە لە ڕێگەیەوە ئێران بتوانێت دەستی بە بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی لە قەتەر ڕابگات بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی.
به‌پێی ئاكسیۆ، ئەم ڕێککەوتنە، کە بە هاوبەشی لە لایەن قەتەر و پاکستانەوە نێوەندگیری بۆ کراوە، بە "ڕێککەوتننامەی ئیسلام ئاباد" ناودەبرێت، ئەگەر هەردولا لە کۆتاییدا ڕازی بن بە واژۆکردنی.
دیپلۆماتکارەکەی یەکێک لە وڵاتانی نێوەندگیر وتویه‌تی"ئێمە لەگەڵ لایەنەکاندا کار دەکەین بۆ دانانی كۆتا خاڵه‌كان لەسه‌ر ڕێککەوتنەکە و دیاریکردنی واده‌یه‌ك بۆ رێوڕه‌سمی واژۆکردنەکە."