ماکرۆن داوای جێبەجێکردنی خێرای ڕێککەوتنی ئەمریکا-ئێران دەکات
  2026-06-15     

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا، ئەمڕۆ دووشەممە داوای جێبەجێکردنی تەواوەتی و خێرای ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد. ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم ڕێککەوتنە دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک ببێتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا.

ئاوێنە: ​لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی فڕەنسا ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە پاڵپشتی لە پرۆسەی کردنەوەی گەرووی هورمز بکات، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ئەرکە دەریاییە نێودەوڵەتییەوە دەبێت کە پاریس بە هاوبەشی لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) بەڕێوەی دەبات.

​ماکرۆن لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی بەبێ هیچ کۆتوبەند و ڕسووماتێک، مەرجێکی حەتمییە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە و پاراستنی ئابووری جیهانی." هەروەها پێیوایە کە ڕێککەوتنەکەی واشنتن و تاران دەبێتە دەروازەیەک و ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی دانوستانی فراوانتر، بە ئامانجی چەسپاندن و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

​سەبارەت بە ڕەهەندەکانی تری دانوستانەکان، ماکرۆن ڕوونیکردەوە کە دەبێت ئەو گفتوگۆیانە وەڵامدەرەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان بن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت ئەو بابەتە تاوتوێ بکرێت کە ناوبراو بە "سیاسەتی تاران بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە" وەسفی کرد.

​لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، سەرۆکی فڕەنسا تیشکی خستە سەر دۆخی لوبنان و دووپاتیکردەوە کە هەر چارەسەرێکی ئاشتییانەی بەردەوام و درێژخایەن، دەبێت گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ دەوڵەتی لوبنانیش لەخۆبگرێت، کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، بوونی ئاگربەستێکی بەهێز و هەمیشەیی بە زۆر پێویست زانی.

​بەپێی زانیارییەکان، ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئێستادا تەنها نوێنەرایەتی چوارچێوەیەکی سیاسی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێکان، و هێشتا نەبووەتە یەکلاییکردنەوەیەکی کۆتایی. بڕیارە لەم هەفتەیەوە خولە سەرەتاییەکان بۆ ڕێکخستنی دۆسیە تەکنیکییەکان دەستپێبکەن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک پێش چوونە ناو دانوستانە سەرەکییەکان کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبن. چاوەڕوان دەکرێت ئەو دانوستانانە چەندین پرسی هەستیار لەخۆبگرن، لەوانە ڕێکخستنەکانی تایبەت بە پرسی ئەتۆمی، ئاسایش، ئابووری و جوڵەی کەشتیوانی لە کەنداو.

​جێی باسە، ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان هەردوو لایەن لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا سەریانهەڵدا. دواتر لە ٨ی نیساندا، بەهۆی ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتییەوە توانرا کۆنترۆڵی پەرەسەندنەکان بکرێت، کە ئەمەش بووە هۆی کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لە نێوان لایەنەکاندا لە ژێر چاودێری و نێوەندگیری وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

زۆرترین بینراو
پێکدادانی قورس و هێرشی درۆنی لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە بەرزاییەکانی شاهۆ ڕوویدا
پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من: بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاییزی ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ دورخراوه‌ته‌وه‌
وتاربێژی هەینیی نەجەف هێرش دەکاتە سەر کابینەکەی زەیدی: دروستکردنی سێ وەزارەتە نوێیەکە بارگرانییە
دوای ١٨ ساڵ کارپێکردن؛ وەزارەتی دارایی عێراق مەرجێکی پێدانی سەرمووچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە
تره‌مپ: پێویست ناكات چه‌كی ئه‌تۆمی له‌دژی ئێران به‌كاربهێنین
كه‌شناسی: باران ده‌بارێت و پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌
محەمەد سەمعان: لە چەند ڕۆژی داهاتودا پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک دەستبەکاردەبێت
فواد حسێن: به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتوه‌
ئه‌و بانكه‌ عێراقییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سزادرا: تۆمه‌تباركردنمان پاڵپشته‌ به‌ بانگه‌شه‌ی ناڕاست
چارەنووسی هاووڵاتییەکی پیرانشار دوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە نادیاری ماوەتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×