دادوه‌ره‌ مانگرتووه‌كان داوا ده‌كه‌ن پەرلەمان‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و دادگای پێداچونەوە لێكۆڵینەوە لەسكاڵاكەیان بكه‌ن
  2019-11-08       766       
دادوه‌ره‌ مانگرتووه‌كان، فۆتۆ: ئه‌یاد محه‌مه‌د

دادوەرو داواكارانی گشتی مانگرتوی‌ گه‌رمیان وەڵامی ئەنجومەنی دادوەری دەده‌نەوەو داواش ده‌كه‌ن پەرلەمان‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و دادگای پێداچونەوە لێكۆڵینەوە لەسكاڵاكەیان بكه‌ن.

 

ئا: ئاوێنه‌


له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا دادوەرو داواكارانی گشتی مانگرتوی‌ گه‌رمیان وەڵامی ئەنجومەنی دادوەری دەده‌نەوەو له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "ئاكاری پیشەییمان ڕێمان پێ نادات هەمو بەڵگەو دیكیومێنتەكان ئاشكرا بكەین، هەر بۆیە داوامان كردوە لیژنەیەك لەپەرلەمان‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و دادگای پێداچوونەوە لێكۆڵینەوە لەسكاڵاكەمان ئەنجامبدات".

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم، دوێنێ پێنجشەممە، لەرونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبو، "داوا كرا له‌وه‌زاره‌تی داد به‌رێگه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی داواكاری گشتی بۆ ناردنی چه‌ند ئه‌ندامێكی داواكاری گشتی بۆ لیژنه‌ی كاروباری ئه‌ندامانی داواكاری گشتی به‌پێی یاسای داواكاری گشتی."

له‌به‌رامبه‌ردا دادوەرو داواكارانی گشتی مانگرتوی‌ گه‌رمیان ده‌ڵێن، "تاوەكو داواكانمان لەناردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بێلایەن‌و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەی هەندێك لەئێمە كە ئاماژەتان پێ نەكردووە، چونكە دەزانن نایاساییە وە دەبو لیژنەی كاروباری دادوەری دوای سەلماندنی تۆمەتەكان سزای دەركردایە وە هەواڵە كردنیشمان بۆ لیژنەی كارووباری دادوەران‌و داواكارانی گشتی كە پێشنیارتان كردووە بۆ وەزارەتی دادو سەرۆكایەتی داواكاری گشتی بەنایاسایی دەزانین‌و تانەی یاسایی لێدەدەین. بەردەوام ئەبیین لەمانگرتنمان كە مافێكی مەدەنیانەی خۆمانە."

له‌ڕۆژی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ رابردوه‌وه‌ -2019/11/5- كۆمەڵێك لەدادوەران‌و ئەندامانی داواكارانی گشتی سنوری دادگای تێھەڵچونەوەی گەرمیان‌و فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان له‌به‌رده‌م بینای فەرمانگەی داواکاری گشی گەرمیان مانگرتنیان ڕاگەیاندوه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ "گەندەڵی لەهەمو سێکتەرەکانی حکومەت‌و دام‌و دەزگاکاندا بونی هەیەو... بوارو سێکتەری دادوەریش کەم تازۆر بەدەر نیە لەگەندەڵی‌و پێویستی بەچاکسازییە .


دەقی ڕاگەیەنراوی دادوەرە مانگرتووەكان:

وەڵامێك بۆ ڕای گشتی لەسەر وەڵامی ئەنجومەنی دادوەری 

1_ ئاكاری پیشەییمان ڕێمان پێ نادات هەموو بەڵگەو دیكیومێنتەكان ئاشكرا بكەین، هەر بۆیە داوامان كردوە لیژنەیەك لەپەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ودادگای پێداچوونەوە لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكەمان ئەنجام  بدات.

2_ ئێمە لەووشەی خراپ و نەشیاو تێنەگەیشتین كەداومانەتە پاڵ سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان بەڵام دیارە مەبەستیان گەندەڵیە، وەنەمانتوانی بیسەلمێنیین، ئێ باشە شایەتی 13 دادوەر و داواكاری گشتی كافی نەبوو؟ كەلەنزیكەوە شاهێدی بەرچاویان هەیە، باشە ئێمە نەمانتوانی بیسەلمێنیین خۆ لەدادگای نەزاهەی سلێمانی وگەرمیان دەعوا هەیە، بۆ هەشت مانگە لە چەكمەچەكانە؟

3_ بابەتی تەكەتول بازی پەیوەندی بە بابەتی سەرەوە هەیە كە یەكەم جارە كۆمەڵێك دادوەر وداواكاری گشتی بێ دەنگی بشكێنن وە سكاڵا دژی كەسی یەكەم تۆماربكەن بۆیە تۆمەتی تەكەتول بازیان بۆداتاشرا تاوەكوو دەنگیان كپ بكرێتەوە.

4_ دادوەرو داواكاری گشتی لەڕووی ئینتیمای حیزبیەوە سەربەخۆن و سەر بەهیچ لایەنێكی سیاسی نیین، ئیتر ئەگەر سەردانی چەند بەرپرسێكی حیزبی وحكوومی زۆنی سەوز كرابێ بۆ مەبەستی چارەسەری گرفتەكان بووە وە لەسەر پێشنیاری بەڕێز ئەنجومەنی دادوەری بووە كە چارەسەری ئەم كێشانە لای حیزبێكی دەسەڵاتە چونكە ئەو كەسە لە سنوری دەسەڵاتی ئەوانە. ئیتر ئەگەر ئێمە جارێك یان دوو جار سەردانمان كردبێ ئەوا بەڕێز سەرۆكی دادگای گەرمیان دەیان جار سەردانی كردووە بۆچی بۆئێمە تاوان بێ و بۆ ئەو ماف و ئاسایی بێ؟ بۆچی ئەویشتان هەواڵەی لێژنە نەكرد وەكوو ئێمە، ئەمە چ دادپەروەریەكە؟!
 
5_ كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كەواقیعی كوردستان هێشتا هەژموونی حیزبی زاڵەو بۆ زۆریك لە بابەتە هەستیارەكان دەبێ حیزب یەكلایی بكاتەوە، هەر بۆیە بەڕێز ئەنجوومەنی دادوەری ئێمەی ئاڕاستە كرد سەردانی حیزب بكەین. چونكە ئەم حەقیقەتەی دەزانی.

بۆیە مەخابن لەیەكەم ئەزموون كە لەهەرێم ڕوو دەدات كە چەند دادوەرێك سكاڵا لەسەرۆكەكەیان بكەن دەرنەچوون، دەبوو دادگەریتان لا خۆشەویست تر بوایە لە ئەندامێكی ئە نجوومەنەكەتان كە سەرۆكی دادگای گەرمیانە. 

بۆیە تاوەكوو داواكانمان لەناردنی لێژنە یەكی لێكۆڵینەوەی بێلایەن و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەی هەندێك لە ئێمە كەئاماژەتان پێ نەكردووە چونكە دەزانن نایاساییە وە دەبوو لێژنەی كاروباری دادوەری دوای سەلماندنی تۆمەتەكان سزای دەركردایە وە هەواڵە كردنیشمان بۆ لێژنەی كارووباری دادوەران وداواكارانی گشتی كەپێشنیارتان كردووە بۆ وەزارەتی داد وسەرۆكایەتی داواكاری گشتی بەنایاسایی دەزانیین وتانەی یاسایی لێ دەدەین. بەردەوام ئەبیین لە مانگرتنمان كە مافێكی مەدەنیانەی خۆمانە.
 
دادوەرو داواكارانی گشتی مانگرتوو
٢٠١٩/١١/٨

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×