هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان، پەلاماری شوانکارەیەکی کوردیان دا و بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لێ ئەستاند، تا ئەم ساتەش تەرمەکەی و سەدان سەر مەڕوماڵاتی لەژێر دەستی ئەو هێزانەدا ماونەتەوە.
ئاوێنە: هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکان وردەکاری ڕووداوەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "قوربانییەکە ناوی (ڕێباز سلێمان هەرکی)یە، کە لەکاتی ئەرکەکەی وەک شوانکارە لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانی بووە، کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی سوپای پاسداران."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو هێزانە تەنها بە کوشتنی ئەو گەنجە کۆتاییان بە تاوانەکە نەهێناوە، بەڵکو دەستبەسەر تەرمی قوربانییەکە و نزیکەی 850 سەر مەڕوماڵاتەکەشیدا گیراوە و تا ئێستا ڕێگری لە گەڕانەوەیان بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەتایبەت لە سنووری سیدەکان و باڵەکایەتی، بوونەتە مەیدانی هەڕەشەی بەردەوامی سوپای پاسداران. دانیشتووانی ناوچەکە، کۆچەران و شوانکارەکان بەردەوام بەهۆی بوونی ئەو هێزانەوە لە مەترسیدان و ژیانیان لە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆدایە، ئەوەش نیگەرانی و توڕەیییەکی زۆری لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لێکەوتووەتەوە.