شاندی ئیمرالیی دەم پارتی ڕایگەیاند، له كۆبونهوهیان لەگەڵ شاندی ئاکەپەو دهوڵهت باخچهلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، پرسی بنیادنانی چوارچێوەیەکی یاسایییان تاوتوێ کردوە و ئامانجیانە لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ عهبدوڵا ئۆجهلان دیدار ئەنجام بدەن.
ئاوێنه: شاندی ئیمرالیی دەم پارتی کە لە پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان، مەدحەت سەنجەر و پارێزەر فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ پێكهاتوه، ئهمڕۆ پێنجشهممه، سەبارەت بە کۆبونەوەیان لەگەڵ شاندی ئاکەپە و دهوڵهت باخچهلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیەندراوێکی نوسراویان بڵاوکردەوە.
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، "شاندەکەمان لە 15ی تەمموز لەگەڵ شاندی ئاکەپە و لە 16ی تەمموز لەگەڵ دهوڵهت باخچهلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کۆبونەوەی ئەنجامدا."
ئاماژهی بهوهشداوه، له كۆبونهوهكاندا لەسەر بارودۆخی پڕۆسەکە گفتوگۆمان کرد، ئەوەمان خستەڕو کە پێویستە یاسای چوارچێوە دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی ئەو یاسایە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە بێت، دانوستانەکانمان لەم بارەیەوە بەردەوام دەبن.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، وتوشیهتی، دوای ئەم كۆبونهوانه، ئامانجمان ئەوەیە کە دەستبەجێ بچینە دورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجهلاندا دیدار ئهنجام بدهین.