فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سەنتکام)، ڕۆژی هەینی، ٢٦ی تەممووز، ئەو دەنگۆیانەی بەتوندی ڕەتکردەوە کە باس لە هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی «تەنەف» لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن. سەنتکام لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» جەختی کردەوە کە ئەو بانگەشانەی باس لە کوژران یان ڕفاندنی سەربازانی ئەمریکی دەکەن لەو ناوچەیە «دوورن لە ڕاستییەوە» و هیچ ڕووداوێکی لەو شێوەیە لەم ڕۆژانەی دواییدا تۆمار نەکراوە.
ئاوێنە: ئەم ڕەتکردنەوەیەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە «ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی» هێزە ئەمریکییەکانی لە تەنەف کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی سەربازیی سووری بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە هیچ هێرشێک بۆ سەر ئەو ناوچەیە ئەنجام نەدراوە. سەرچاوەیەکی تریش بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیای (DPA) پشتڕاستی کردەوە کە ناوچەکە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی شوبات و گواستنەوەیان بۆ بنکەی «بورجی ٢٢» لە ئوردن، ئێستا تەنیا هێزەکانی پاسەوانی سنووری سووریای تێدایە و بەهۆی چۆڵبوونی کەمپی «ڕوکبان»ـەوە، ناوچەکە ئێستا بیابانێکی بێ دانیشتووە.
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی سەنتکام ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە تاوەرێکی چاودێریی بەندەری چابەهاری ئێرانیان لەناوبردووە. بە گوێرەی بەیاننامەکەی سەنتکام، ئەو تاوەرە بەشێک بووە لە تۆڕی چاودێریی دەریایی سوپای پاسداران کە بۆ چاودێریکردن و ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکارهاتووە. ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو کردەوەیە بۆ پاراستنی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی و سنووردارکردنی توانای سوپای پاسدارانە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی کەشتییە مەدەنییەکان، تەنیا بەدەر لەو کەشتییانەی هەوڵ دەدەن گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بشکێنن.