ئاکۆ حەمەد ڕابی
چه ند ڕاستییەکی گرنگ:
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی ئابی 2026، "میر سەلام برادۆستی" کوڕی گەورەی کەسایەتی دیارو ناسراو، کۆچکردوو " میر کەریمخانی برادۆستی" بۆ یەکەمجار چاوپێکەوتنێکی میدیایی لەگەڵ دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدا.
چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ کەسێکی سادەو ئاسایی، یان لەگەڵ مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیەک، یاخود لەگەڵ سەرۆک حزبێکی بێ ڕۆڵ و کاریگەر نەبوو. بەڵکو لەگەڵ کەسێک بوو کە وەک هەندێکی کادیری یەکێتی و هەندێک خەڵک دەڵێن " هێندەی هەر چوار مەڵبەندی هەولێرو دهۆک و سۆران و کۆیە " ڕۆژانە بەتایبەت لە بۆنەکان خەڵک سەردانی ماڵەکەی لە هەولێر دەکەن.
بۆیەش چاوپێکەوتنەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەو خێرای لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەدوای خۆیدا هێنا.
لەخوارەوەو لە پەراوێزی چاوپێکەوتنەکە چەند ڕاستیەکی پێویست لەبارەی دوو سێ تەوەر کە لە چاوپێکەوتنەکە باسکرا، دەخەمە ڕوو:
دیدارە میدیاییەکەی " میر سەلام برادۆستی" لە دەزگای ڕاگەیاندنی بوار، دیدارێکی گرنگ و کاریگەر بوو پەیوەست " برادۆست و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یەکێتیەکانی پارێزگای هەولێر، هاوکات پەیوەست بە خودی بنەماڵەی کوڕانی "میر کەریمخان و یەکێتی."
+ لە ئێوارەی ئەمڕۆ بە دواوە، بە شێوەیەکی فەرمی و واقیعی و کردەیی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان پەیوەست بە یەکێتی و کوڕانی خوالێخۆشبوو "مامجەلال" لەگەڵ میرانی برادۆست و جەماوەری یەکێتی بەتایبەت ئەوانەی گرێدراوی بنەماڵەی میرانی برادۆستن دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.
دەستهەڵگرتن و دوورکەوتنەوەیەک کە شەست ساڵ مێژووەکەی بووە، هەروا لەخوت و خوڕایی نەبووە، بەڵکو پەیوست و گرێدراوی کۆمەڵێک هۆکاری ڕاست و دروستن کە هەندێکی لە چاوپێکەوتنەکە ئاماژە پێدا.
+ وەڵامەکانی " میری برادۆست" لەو چاوپێکەوتنەدا زۆر واقیعی و ڕاست و دروست بوون. بە تایبەت پەیوەست بە جەماوەری یەکێتی و خودی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی یەکێتی. لەو ڕوەوە " میر سەلام " ڕوون و ڕاشکاو بێ پێچو پەنا پەنجەی خستە سەر کرۆکی بابەتێکی گرنگ کاتێک وتی" جەماوەری یەکێتی و دەسەڵاتدارانی یەکێتی لەیەکتر دوورن. زۆر کار کە مومکین و ئاسان بوو، دەکرا بۆ خەڵک و جەماوەر بکرێن، نەیان دەکرد." هاوکات جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە "پابەندی بەڵێنەکان نەدەبوون بەرامبەر جەماوەر. دواجار خەڵک نیگەران دەبوون و یەخەی ئێمەیان دەگرت. ئەم کارەش بۆ ئێمە مایەی نیگەرانی بوو. هەر ئەم خاڵەش هۆکاری سەرەکی دوورکەوتنەوەو وازهێنانمان بوو لە یەکێتی."
+ میری برادۆست لەو چاوپێکەوتنە بەو پەڕی ڕاشکاوی و بەو پەڕی باوەڕبەخۆ بوون، هاوکات بە شێوەیەکی زۆر لۆژیکی و سیاسی، وەڵامی کۆی پرسیاری بێژەرەکەی بواری دەدایەوە. بۆ هیچ پرسیارێک دۆش دانەدەما. وەڵامەکانیشی کاریگەرو قەناعەتپێهێنەر بوون.
+ هەڵوێست و کارو کرداری ئەو خانەوادەیە دەری دەخات کە لەڕابردودا بێ ئەندازە خزمەتی یەکێتیان کردووە. لەو کارو خزمەتەیان چاوەڕێی پاداشت بۆ خۆیان نەبوونە. ئەمما چاوەڕێ بوونە کە دەسەڵاتداران و بڕیاربەدەستانی حزب پابەندو خاوەن بەڵێنی خۆیان بوونایە بەرامبەر بە جەماوەر. نەک بە پێچەوانەوە.
+بەهۆی ئەو خانەوادەیە یەکێتی لە پارێزگای هەولێر بە گشتی و لە کەسنەزان و تۆپزاوەو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە خاوەنی دەنگێکی زۆر. بەجۆرێک لە پەرلەمانی عێراق یەکێتی بووە خاوەنی دوو کورسی، ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەست بوو بەکاریگەری ئەو خانەوادەیە لەسەر خەڵک.
+ وازهێنان و دوورکەوتنەوەی ئەو خانەوادەیە کاریگەرییەکی گەورە لە نزیک و لەدوور مەودا، لەسەر ئەو حزبە جێدێڵێت. یەکێتی لەڕووی جەماوەرییەوە پاشەکشەیەکی گەورە دەکات.
+ دەیان ساڵی دیکە، ئەو حزبە ناتوانێت خانەوادەیەکی گەورەو خاوەن پێگەی گەورەی جەماوەری و کۆمەڵایەتی لە دەوری حزبەکە کۆبکەنەوە.
+ ئەگەرچی خەڵکیان سەربەست کردووە، ئەمە لە ئەوڕۆ بەدواوە ڕەنگە خەڵکێکی زۆر هاوشانی ئەوان لە حزب دوورکەوێتەوە.
دوا خاڵ؛ ڕاستیەکی ونبو ڕاستیەکی نەگوتراو:
لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، کاتێک "میر فیصل کریمخان برادۆستی" کاندید بوو، لەسەر داواکاری و تەکلیفی بەرپرسێکی یەکێتی، لەڕێگەی ئەنجامدانی گرێبەستێکەوە، بووم بە سەرپەرشتیاری میدیای بانگەشەی هەڵبژاردن لە بازنەی سۆران. لەو کارەم دوو هاوکارم لەگەڵ بوون، کە هەردوو کیان پەیامنێری دوو کەناڵی ناسراوی ئاسمانی بوون. بەشاهێدی زۆرێک، هەڵمەتێکی میدیای گەورەو کاریگەری بانگەشەی هەڵبژاردنمان لەسنورەکە بەڕێوە برد کە یەکەمجار بوو لەو سنورە هەڵمەتێکی وا بەڕێوە بچێت.
لەو هەڵبژاردنە خەڵکێکی بێ شومار بەهۆی کاریگەری بەربژێربوونی " میر فیصل کەریمخان " بوونە دەنگدەری یەکێتی.
لەو هەڵبژاردنەداو لەو سنورە، بۆ یەکەمجار بوو یەکێتی ئاستی دەنگەکانی هێندە بەرز ببنەوە. بە جۆرێک و بە پێی ئەنجامەکان دەنگی هەقیقی و دروستی " فیصل کریمخان محمود بەگ" گەیشتە سەرووی 50,000 هەزار دەنگ. ئێستاش کەس لەوە تێناگات کە میر فیصل بۆچی نەبووە پەرلەمانتار لەکاتێکدا هێندەی دوو بۆ سێ مەڵبەندی یەکێتی دەنگی بەدەستهێنا.
دوا شت؛ حزب و حزبایەتی لە کوردستان بەهۆی سیاسەتی چەوت و ناڕاست، هێندە ناشرین بووە، هەر نەبێتەوە.