سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی بەغداد ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانییان لە ناوچەی ئەبوعەیسا لە گەڕەکی دۆرەی باشووری پایتەخت ئەنجامداوە. لە ئەنجامی چالاکییەکەدا چوار کەس دەستگیرکراون و دەستبەسەر جۆرەها چەکی جیاوازدا گیراوە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر دوو بارەگادا گیراوە کە بە شێوەیەکی نەناسراو (وەهمی) بە ناوی "حەشدی شەعبی"یەوە بەکارهێنراون و بڕیاری داخستنیان بۆ دەرچووە.
لە ئێستادا تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان لەژێر لێکۆڵینەوەی ئەمنیدان بۆ زانینی وردەکاری زیاتر و ڕادەستکردنیان بە دادگا.
ئەم جووڵە ئەمنییە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە حکومەتی عێراق لە ڕێگەی دانوستان و هەوڵی بەردەوامەوە کار بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەک لە دەستی گرووپە جیاوازەکاندا دەکات، بە مەبەستی تێکەڵکردنەوەیان بە دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت تاوەکو پێش کۆتایی هاتنی مانگی ئەیلولی داهاتوو.