پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەزاران خوێندکاری عێراقی لە ژمارەیەک زانکۆی سەر بە ئیسرائیل یان نزیک لەو وڵاتە خوێندنیان تەواو کردووە، هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی بەشێک لەو دەرچووانە لە ئێستادا لە ناو دەزگا ئەمنییە هەستیارەکانی عێراقدا دامەزراون.
ئاوێنە: ئەحمەد دۆلفی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی سیاسی کەناڵی (الرابعة) کە لەلایەن محەمەد خوزاعی پێشکەش دەکرێت، تیشکی خستە سەر دۆسیەی خوێندنی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە لە دەرەوەی وڵات. لە کاتی گفتوگۆکەدا، پێشکەشکاری بەرنامەکە ئاماژەی بە هەندێک زانیاری کرد سەبارەت بەوەی دەزگای هەواڵگری و ئەرکە تایبەتەکانی ئیسرائیل (مۆساد) ژمارەیەک لەو خوێندکارانەی بۆ کاری سیخوڕی بەکارهێنابێت.
لە وەڵامی ئەو پرسەدا، دۆلفی ڕایگەیاند کە ناتوانێت راستەوخۆ زانیارییەکانی پەیوەست بە سیخوڕیکردن پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی دڵنیایە بەشێک لەو زانکۆیانەی خوێندکارانی عێراقی ڕوویان تێکردووە سەر بە ئیسرائیلن یان لەو وڵاتەوە نزیکن.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشی کردەوە، دوای دەرچوونی بڕیاری فەرمیی دامەزراندن لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بەشێک لەو کەسانەی لەو زانکۆیانە بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، لە ناوەندە هەستیارە ئەمنییەکانی وەک دەزگای هەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و چەند دامەزراوەیەکی تری ئەمنیدا پۆستیان پێدراوە و دەستبەکار بوون.
سەبارەت بە ئاماری ئەو خوێندکارانە، دۆلفی ژمارەکەی بە "هەزاران" کەس خەمڵاند و نیگەرانی خۆی دەربڕی لە ئەگەری دروستبوونی دزەکردنی هەواڵگری بۆ ناو دامودەزگا فەرمییەکان هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتانی ناوچەکە ڕووی داوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر دەزگای هەواڵگری ئێران وەک سیستمێکی زۆر بەهێز دەبینرا، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەی تاران لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ، ئاستی دزەکردنی مۆساد بۆ قووڵایی دامەزراوەکانی ئێران دەرکەوت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ناسنامەی ئەو زانکۆیانە و ئەو وڵاتانەی لەخۆیان گرتوون، پەرلەمانتار ئەحمەد دۆلفی ڕەتیکردەوە لە ئێستادا ناوەکان ئاشکرا بکات، بەڵام داوای لە حکوومەتی عێراق کرد بە زووترین کات لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ لەو دۆسیەیەدا ئەنجام بدات.