سه‌رۆك كۆماری عێراق: دۆسیه‌ی كۆنترۆڵكردنی چه‌ك پێشمه‌رگه‌ ناگرێته‌وه‌
  2026-08-22     

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕیاری کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی عێراقییه‌و ره‌تیشیده‌كاته‌وه‌ هیچ به‌رپرسێكی ئێرانی داوای دواخستنی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی كردبێت. ده‌شڵێت: پێشمه‌رگه‌ دامەزراوەیەکی دەستورییەو دۆسیه‌ی كۆنترۆڵكردنی نایگرێته‌وه‌."

ئاوێنه‌: نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ هه‌شته‌مین كۆڕبه‌ندی دیالۆگی به‌غدا رایگه‌یاند"هەموان سورن لەسەر ئەوەی عێراق رانه‌كێشرێته‌ ناو ئەو جەنگەی لە ناوچەکدا له‌ئارادایه‌."

وتیشی "عێراق لە دوای ئێران، بە یەکێک لە گەورەترین زیانلێکەوتوانی جەنگەکە ئەژمار دەکرێت."

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، بڕیاری كۆنترۆڵكردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی عێراقییە و هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی یان پێکدادانێک لەخۆناگرێت.

هه‌روه‌ها وتیشی "قسە لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی په‌رله‌مانی ئێران کراوە و پەیام گەیەندراوەتە ئێران سەبارەت بە پێداچونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەرپرسانی ئێرانی جەختیان کردۆتەوە کە بڕیاری كۆنترۆڵكردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی عێراقییە و هیچ بەرپرسێکی ئێرانی داوای دواخستنی ئەم دۆسیەیەی نەکردوه‌."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو "سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردوە پشتگیری بكه‌ن له‌ كۆنترۆڵكردنی چەک"، جەختیشی کردەوە کە "دەستور پابەندکەرە بەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت، مەرجەعیەتی ئایینیش داوای هەمان شت دەکات."

نزار ئامێدی وتیشی "هەندێک لە گروپە چەکدارەکان وەڵامی داواکاریی حکومەتیان داوەتەوە و چەکەکانیان ڕادەست کردوە"، جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی "عێراق قبوڵی ناکات خاکەکەی بەکاربهێنرێت بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ وڵاتێک و هەموان دەیانەوێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکرێتەوە."

لەباره‌ی دۆسیەی نەوت، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە "کێشەیەک لە گواستنەوەی نەوتدا هەیە بەهۆی نەبونی کەشتیی گواستنەوەی نیشتمانیی عێراقی"، ڕونیشی کردەوە کە "ئاسانکاری هەیە بۆ هەندێک کەشتی کە نەوتی عێراق دەگوازنەوە لە گەروی هورمز، گەروەکە کاریگەریی لەسەر تەواوی جیهان هەیە نەک تەنیا عێراق."

وتیشی: "ویلایەتە یەکگرتوەکان ڕێککەوتنێکی دەوێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ"، ڕونیشی کردەوە کە "هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە داوای عێراق هاتبون بۆ بەرەنگاربونەوەی داعشی تێرۆریست و عێراق چیتر پێویستی پێیان نییە، و کشانەوەشیان لە 30ی ئەیلولی داهاتودا دەبێت."

سەرۆک کۆمار هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "بونێکی تورکی لە باکوری وڵاتدا هەیەو عێراق دەیه‌وێت ئاشتی لەگەڵ تورکیا و پەکەکە بەدیبێنێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پێشمەرگە دامەزراوەیەکی دەستورییە و ڕۆڵی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەگێڕێت، دۆسیه‌ی كۆنترۆڵكردنی چه‌ك پێشمه‌رگه‌ ناگرێته‌وه‌."

جەختیشی کردەوە کە "حکومەتی ئێستا دەستیکردوە بە سفرکردنەوەی تەواوی کێشەکان و بەرەو دۆسیەی ئابوری دەڕوات"، وتیشی "هیچ ئاسایشێک بۆ ناوچەکە نییە بەبێ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق."

له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا هێمای بۆ "هەوڵی بە ئامانجگرتنی فایه‌ق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری" كرد و وتی، ئه‌و كاره‌ "دەچێتە خانەی کارە تێرۆریستییەکان و دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار."

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كایندا سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە "گرنگترین یاسا، یاسای نەوت و غازە"، ڕونیشی کردەوە کە ئه‌مه‌ "هۆکاری کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێره‌."

نزار ئامێدی وتیشی، هێزە سیاسییەکان پەرۆشن بۆ تەواوکردنی کابینەی وەزاری، بەتایبەتی کە ئێمە بە قۆناغێکی سەخت و مەترسیداردا لە ناوچەکەدا تێدەپەڕین، جەختیشی کردەوە، شكستهێنانی ئەم حکومەتە واتە شكستهێنانی هەموان لە عێراق.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×