ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵ هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارێزگاکانی عێراق، هەروەها ئەو هۆشداریش لە مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم دەدات.
ئاوێنە: د. عومەر کۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای نزیک لە پارتی وت "یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2008 کە پاڵپشتە بە مادەی 122ـی دەستوور، مافێکی چەسپاوە و بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵوەشێندرێنەوە".
ناوبراو وتیشی "عێراق ئێستا بەرەو ناوەندی هەنگاو دەنێت. دوور نییە سبەی ئەم گوشارە بۆسەر هەرێمی کوردستانیش دروستببێت. ئەم یاسایە بۆ ئەوە دانراوە کە پارێزگاکان سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕییان هەبێت و جارێکی دیکە مافی پێکهاتەکان پێشێل نەکرێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ئەو پرۆژەیە سەربگرێت، هاوکێشە سیاسی و ئیدارییەکانی کەرکووک جارێکی دیکە تێکدەچنەوە و چارەنووسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار و مافی پێکهاتەکان دەکەوێتە نێو دۆخێکی ناڕوونەوە.
د. عومەر کۆچەر زیاتر رونیکردەوە "ماددەی 122ـی دەستوور لە پێنج بڕگەدا دەسەڵاتی فراوانی بە پارێزگاکان داوە، هەروەها سیستەمی عێراق فیدراڵی و پەرلەمانییە، نابێت دەسەڵات تەنیا لە مەرکەزدا بێت".
جێی ئاماژەیە، لە ساڵی 2019 پەرلەمان هەوڵی کۆتاییهێنانی بە ئەنجوومەنەکان دا، بەڵام دادگای فیدراڵی رەتیکردەوە. دادگاکە رایگەیاندووە کە پەرلەمان دەسەڵاتی سڕینەوەی "رەسەنایەتیی" بوونی ئەنجوومەنەکانی نییە، چونکە ماددەیەکی جێگیری دەستوورییە.