نوسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە توندی ئەو دەنگۆیانە ڕەتکردەوە کە باس لە رێککەوتن یان لێکتێگەیشتن دەکەن سەبارەت بە دەستبەرداربوونی ناوبراو لە پشکی هاوپەیمانییەکە بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تورەی کۆمەڵایەتی "X" بڵاوکرایەوە، هشام ركابی، بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی، ڕایگەیاند:
"هیچ ڕاستییەک لەو هەواڵانەدا نییە کە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویان کردووەتەوە سەبارەت بە بونی لێکگەیشتن یان رێککەوتن لەبارەی بەدەستبەرداربوونی مالیکی لە وەزارەتی ناوخۆ."
ڕوونکیشیکردەوە کە ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک مایەی سازشکردن نییە و سەرجەم ئەو زانیارییانەی لەم ڕووەوە بڵاودەکرێنەوە بێبنەمان.
ئەم لێدوانە ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە پێشتر عوسمان شەیبانی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ناوی کاندیدەکانی هەردو وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا لەلایەن هاوپەیمانییەکەیانەوە ڕەوانەی نوسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.
جێی باسە کابینەی حکومەتی عەلی زەیدی لە عێراق متمانەی پەرلەمانی وەرگرتووە و تەمەنی گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٠ ڕۆژ. لە کاتی پێکهێنانی کابینەکەدا دەنگ بە ١٤ کاندیدی وەزارەتەکان درا، بەڵام تا ئێستاش ٩ وەزارەتی کابینەکە بێ وەزیرن و بە بەڕێوەبەر بەڕێوەدەچن. هاوکات عەلی زەیدی، کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی هەردو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بە وەکالەت و تا ئێستاش دیار نییە کەی وەزیرە ڕەسەنەکانی ئەو وەزارەت و پۆستە چۆڵانە دەستبەکار دەبن.