ڕۆژنامەی "مەدا" لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاریی نوێی لەبارەی هەوڵەکانی ئێران و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق ئاشکرا کرد، کە لە میانی سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغدا خراونەتەڕوو.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، قالیباف پێشنیازی کردووە وادەی دیاریکراو بۆ پرۆسەی ڕێکخستنەوەی چەک لە عێراق بە لانی کەمەوە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکرێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر وادەکە تا ٣٠ـی ئەیلوول دانرابوو.
هەر لە چوارچێوەی داواکارییەکانی تاراندا هاتووە کە چەکی گرووپەکان ڕادەستی دامەزراوەکانی حکومەت نەکرێت، بەڵکو ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت. سەبارەت بە چارەنووسی چەکە قورسەکانیش دوو بژاردە خراونەتەڕوو: گواستنەوەیان بۆ ناو خاکی ئێران یان کۆگاکردنیان لە ناوخۆی عێراقدا، کە بەپێی سەرچاوەکە ئەگەری دووەمیان بەهێزترە.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەوڵی داوە پرۆسەی کۆگاکردنی چەکەکان لە ژێر سەرپەرشتیی "ئەبوفەدەک" سەرۆکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبیدا بێت. لە بەرامبەردا، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشنیازەکانی ناوبراوی ڕەتکردووەتەوە و داوای کردووە سنوورێک بۆ دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق دابنرێت.
جگە لە پرسی ئەمنی و دۆسیەی چەک، گفتوگۆکان تەوەرەی ئابووریشیان لەخۆگرتبوو؛ قالیباف لە بەغدا جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی لە مامەڵە بازرگانییە دووقۆڵییەکاندا کردووەتەوە و داوای کردووە دراوە خۆجێییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بەکاربهێنرێن.