حکومەتی عێراق وادەی کاراکردنی پلاتفۆرمی پڕۆژەی «یەک ملیۆن زەوی نیشتەجێبوون» و مەرجەکانی ئاشکرا دەکات
  2026-08-24       63       

حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، پلاتفۆرمی تایبەت بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پڕۆژەی «یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون» بە فەرمی کارا دەکرێت.

ئاوێنە: ​حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەت، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕایگەیاند: پڕۆژەی یەک ملیۆن پارچە زەوی کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، میکانیزمی گونجاوی بۆ دانراوە تا لە ڕێگەیەوە ڕابگەیەندرێت و ئەو کەسانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە بتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن و زانیارییەکانیان تۆمار بکەن، بەشێوەیەک کە ڕەچاوی بارودۆخی سەرجەم هاووڵاتییان بکرێت.

حەیدەر ​عەبوودی ڕوونیشی کردەوە، ڕۆژی یەکی مانگی ئەیلوول پلاتفۆرمێکی تایبەت بەم مەبەستە کارا دەبێت و هاوکات وردبینی لە زانیاریی پێشکەشکاراندا دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد پڕۆژەکە تەنها ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە پێشتر هیچ پارچە زەوییەکیان لە دەوڵەت وەرنەگرتووە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە کارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕێوە دەچن بۆ ئەوەی زەوییەکان بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانەوە ڕادەستی هاووڵاتییان بکرێن.

​دەربارەی قۆناغی یەکەمی دابەشکردنەکە، وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە ژمارەی ئەو زەوییانەی تا ئێستا لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق ئامادە کراون، زیاتر لە ٢٥٠ هەزار پارچە زەوییە، کارەکانیش بەردەوامن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی شەقامی عێراقی بێت.

​سەبارەت بە پرسی پێدانی قەرزی دارایی بە هاووڵاتییان بە مەبەستی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر ئەو زەوییانە، عەبوودی ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە هەیە. ئەولەویەتی سەرەکی ئەوەیە هاووڵاتی ئەم مافە بەدەستبهێنێت، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکاندا دەکرێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی پێدانی قەرز؛ بڕیاردان لەم بابەتەش بەستراوەتەوە بەو لێکۆڵینەوانەی کە پێوەر و ئەنجامە بەدەستهاتووەکان دیاری دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×