پەرلەمان داوا لە عەلی زەیدی دەکات سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە کۆریای باشوور، چین و ڕووسیا بکرێت
  2026-08-24       59       

لەسەر بنەمای پێویستیی بەپەلە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق، لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە، داواکارییەکی فەرمی پێشکەشی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کرد بۆ زیادکردنی بڕگە و تەرخانکردنی دارایی لە ناو یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا، بە مەبەستی کڕینی سیستەمی نوێ و پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی.

ئاوێنە:  کریم عەلیوی المحمداوی، ئەندامی لێژنەکە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە پێشتر کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان لێژنەکەیان و سەرۆک وەزیراندا ئەنجامدراوە بۆ تاووتوێکردنی دۆخی چەکدارکردنی هێزە ئەنیشتی و پۆلیسییەکان، و جەختکراوەتەوە سەر گرنگیی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئاسمانی. المحمداوی ئاماژەی بەوەش کرد کە داوا لە حکومەت کراوە بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی بەرگری دابین بکات تاوەکو ڕوو لە "وڵاتە مەزنەکان" بکەن و سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو لە هەریەکە لە وڵاتانی کۆریای باشوور، چین و ڕووسیا دابین بکەن.

لای خۆیەوە، لێژنەی پەرلەمانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت عێراق پشت بە یەک وڵاتی دیاریکراو ببەستێت لە بواری کڕینی چەکدا، بەڵکو پێویستە هەمەجۆرکردن لەسەرچاوەی دابینکردنی چەک پەیڕەو بکرێت.

شایەنی باسە، عێراق لە ئێستادا رووبەڕووی دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆز دەبێتەوە لە تێکەڵکردن و کارپێکردنی سیستەمە بەرگرییەکانیدا، بە جۆرێک کە تۆڕی ئێستای پێکدێت لە سیستەمی کورت مەودای پارچە پارچە و سنووردار وەک "ئەڤنجەر"ی ئەمریکی و "پانتسیر ئێس-١"ی ڕووسی، کە لە ڕاستیدا نەیانتوانیوە پێشێلکارییە دووبارەکانی سەر ئاسمانی عێراق لەلایەن هێزە هەرێمییەکانەوە سنووردار بکەن یان رێگرییان لێ بکەن.

پێشتریش، لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوایەکی فەرمی ئاراستە کردبوو بۆ جیاکردنەوەی بودجەی تایبەت بە "بەرگریی ئاسمانی" و "هێزی ئاسمانی" لە بودجەی گشتی و تەقلیدیی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە ئامانجی زامنکردنی هاتنی شایستە داراییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ بنیادنانی تۆڕێکی تۆکمەی وەڵامدانەوە و رێگری.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×