وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکادا بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێران و ئەو لایەنانەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، هەڵوێستی فرمی خۆی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێسا نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوە دەچن.
ئاوێنە: لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی چیندا هاتووە کە پەیوەندی و هاوکارییە دوولایەنەکانیان لەگەڵ ئێراندا لەسەر بنەمای پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێکخراون. پەکین لەو چوارچێوەیەدا دژایەتیی تەواوی خۆی بۆ سەپاندنی سزای تاکلایەنەی ئەمریکا دژی تاران دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی "پەستانی ئەوپەڕی" و سزای ئابووری، هیچ کات چارەسەر نین، بەڵکو هۆکارن بۆ زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و پەرەسەندنی مەترسییەکانی ململانێ ناوچەییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە درێژەی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لە کاتی توندوتیژی و فشارەکان، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بخرێنەگەڕ و لە زووترین کاتدا زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی هەردوولا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان بکرێت.
ئەم هەڵوێستەی چین لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو واشنتن سزای ئابووری توند و خنکێنەری دژی ئێران خستووەتە گەڕ. هاوکات هۆشداریی داوە کە هەر وڵاتێک مامەڵەی بازرگانی یان ئابووری لەگەڵ ئێراندا ئەنجام بدات، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە و لە سیستمی دابینکردنی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت.