عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ده‌ستپاكیی په‌رله‌مان جه‌ختده‌كاته‌وه كه گه‌نده‌ڵی مه‌ترسیدارترین ئاڵه‌نگارییه كه روبه‌ڕوی ده‌وڵه‌ت بۆته‌وه‌و حكومه‌ت له شه‌ڕێكی سه‌ختدایه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی و وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی. ده‌شڵێت: گه‌نده‌ڵی زۆرجار له زێده‌ڕۆییكردن له خه‌مڵاندنی تێچوی پڕۆژه‌كانه‌وه ده‌ستپێده‌كات و حكومه‌ت كارده‌كات بۆ گرتنه‌به‌ری وردبینی پێشوه‌خته‌و كۆتایی بۆ گرێبه‌سته حكومییه‌كان.
ئاوێنه: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی زه‌یدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دەستپاکی لە پەرلەمان كۆبوه‌وه.
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە دەوڵەت لەسەر دو کۆڵەکەی سەرەکی ڕاوەستاوە، ئەوانیش: یاسا و دەستپاکین و ئاماژەی بەوەش کرد کە گەندەڵی مەترسیدارترین ئاڵه‌نگارییە کە ئەمڕۆ ڕوبەڕوی دەوڵەت بۆته‌وه‌و حکومەت لە شەڕێکی سەختدایە بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی و وشککردنی سەرچاوەکانی.
زه‌یدی جه‌ختیشی كرده‌وه لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردو دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێکردن بەشێوەیەک کە ببێته مایه‌ی پشتیوانیکردنی ڕێکارەکانی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەدواداچون بۆ کەسانی تێوەگلاو.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، سه‌رۆك وه‌زیران رونیكرده‌وه، گەندەڵی زۆرجار لە زێدەڕۆییکردن لە خەمڵاندنی تێچوی پڕۆژەکانەوە دەستپێدەکات و حکومەت کاردەکات بۆ گرتنەبەری وردبینیی پێشوەختە و كۆتایی بۆ گرێبه‌سته حکومییەکان بەپێی بنەمای "خۆپارێزیی لە چارەسەر باشترە"، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و پاراستنی سامانی گشتی؛ هەروەها جەختی لە گرنگیی ئەو ڕۆڵە کردەوە کە لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمان دەیگێڕێت لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، بەدواداچونی دۆسیەکانی و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە دەرکەوتە و هۆکارەکانی.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، لای خۆیانەوە، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمان جەختیان لە بەردەوامیی پشتیوانی‌یان بۆ هەوڵەکانی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و شوێنپێهه‌ڵگرتنی گەندەڵکاران کردەوەو ئاماژەیان بە گرنگیی پەسەندکردنی یاسای "دەستەی چاودێریی ناوخۆیی" کرد کە له په‌رله‌مان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
لیژنه په‌رله‌مانییه‌كه هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پێداچونەوە بە گرێبه‌سته حکومییەکانی پێشودا کە گومانی گەندەڵییان لەسەرە یان تێچوەکانیان بە زیادڕۆیی دیاریکراوە، سەرباری گرنگیی خێراکردنی وەڵامدانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ داواکارییەکانی لیژنەی دەستپاکی سەبارەت بە دابینکردنی بەڵگەنامە و زانیارییە پێویستەکان کە پەیوەندیدارن بە گرێبەسته‌كان و ئه‌و دۆسیانه‌ی كه ئه‌وله‌وییه‌تیان هه‌یه.