راوێژكاریی دارایی زه‌یدی: 10 ملیۆن هاوڵاتی موچه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ پێویستی به‌ 7.7 تریلیۆن دیناری مانگانه‌یه‌
  2026-08-27       50       

مەزھەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، 10 ملیۆن هاوڵاتی موچه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرن کە دابینکردنی پێویستی بە 7.7 تریلیۆن دیناری مانگانەیه‌. ئاشکراشیكرد، لە سەرەتای قەیرانەکەوە 12 بۆ 14 تریلیۆن دینار قەرز کراوەو ره‌تیشیكرده‌وه‌ هیچ جۆرە مامەڵەیەکی دارایی بانکی لەنێوان عێراق و ئێراندا هه‌بێت.

ئاوێنه‌: مەزھەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، به‌ میدیای ره‌سمی عێراقی راگه‌یاند، "عێراق چوارەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان لەڕوی دەستوەردانی دەوڵەت لە چالاکی ئابوریدا، ئه‌وه‌ش بەهۆی سروشتە ڕەیعییەکەیەوە."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پاره‌ی موچە مانگانە دەگاتە 7.7 تریلیۆن دیناری عێراقی و دابینکردنیشی بابەتێکی ئیلزامییه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو "10 ملیۆن هاوڵاتی موچە وەردەگرن، لەوانە فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، هەر موچەیەکیش کە لەلایەن دەوڵەتەوە خەرج دەکرێت بە جۆرێک سەیر دەکرێت کە بژێوی 4 کەسی خێزان یان سودمەندان دابین دەکات و دەستیان پێیدەگات، بەپێی ئەمەش نزیکەی 40 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لە موچەی دەوڵەت سودمەند دەبن".

سەبارەت بە دۆسیەی بودجەش، ڕونی کردەوە کە "نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەدا لەنێوان 50 بۆ 60 دۆلار دەبێت و زیاتر تەرکیز دەکاتە سەر کەرتی کارەبا"، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا هیچ بڕیارێک بۆ ده‌ستكاریكردنی نرخى دراو نییە.

وتیشی"بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ئێستادا 3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تێده‌پەڕێنێت، بەجۆرێک ملیۆنێک بەرمیل دەچێت بۆ پاڵاوگەکان، لەکاتێکدا زیاتر لە دو ملیۆن بەرمیل تەرخان دەکرێت بۆ هەناردەکردن و کۆگاکردن"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەناردەی عێراق ماوەی 10 ڕۆژە سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە بەڕێژەی زیاتر لە ملیۆن و نیوێك بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

لەباره‌ی دۆسیەی وەزە و بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، ڕاوێژکاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیران وتی "قەبارەی گازی هاوردەکراوی ئێرانی بۆ عێراق دەگاتە 18 ملیۆن مەتر سێجا کە پاڵپشی تۆڕی نیشتمانی كاره‌با بە 4500 مێگاوات دەکات"، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە لەسەر نەبونی هیچ پەیوەندییەکی دارایی بانکی لەنێوان عێراق و ئێران یان هەر مامەڵەیەکی پارەدانی ئەلیکترۆنی، هەروەها وتیشی، لە ساڵی 2011ەوە هیچ پرۆسەیەکی پارەدان بە دۆلار بونی نەبوە.

ڕونی کردەوە کە "سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون دەستیان بۆ دۆسیەی هاوردەکردنی سەوزەوات و کەرەستەی خۆراکی نەبردوە، بەو مەرجەی پارەدانەکە بە دۆلار ئەنجام نەدرێت".

ئاشکرایشیکرد "قەبارەی یەدەگی نه‌ختینه‌ی عێراق لە دراوی قورس دەگاتە 78 ملیار دۆلار"، هه‌روه‌ك ئاماژەی بەوەشکرد کە "لە ئێستادا هیچ قەرزێکی دەرەکی بۆ پاڵپشتیکردنی بودجە بونی نییەو ڕەنگە بە تێچوی کەم و ماوەی دانەوەی درێژخایەن پێویستمان پێی بێت".

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "کۆی گشتی ئەوەی دەوڵەت لەناوخۆدا لە سەردەمی قەیرانەکەدا قەرزی کردوە 12 بۆ 14 تریلیۆن دینار ده‌بێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×