دەستەی دەستپاكیی عێراق ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی دەرچوونی سزای قورسی دادگا دژی دوو بەرپرس و کەسایەتیی سیاسیی پێشوو بڵاوکردەوە، کە بە تۆمەتی دەستبەسەرداگرتنی سامانی گشتی و بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی تێوەگلاون.
ئاوێنە؛ بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، دادگای پەیوەندیدار سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر (عەلی بەهادلی)، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن، سەپاندووە. لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە ناوبراو بڕی ٢٦.٥ ملیار دیناری بە شێوەیەکی نایاسایی بەدەست هێناوە. لەسەر ئەم بنەمایە، جگە سزای زیندانیکردن، دادگا سزادراوی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوەی بڕی ٥٣ ملیار دینار وەک قەرەبوو و پێبژاردنی هاوتای ئەو بڕە پارەیەی کە بە ناڕەوا دەستی بەسەردا گرتووە.
لە دۆسیەیەکی هاوشێوەدا، دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد کە هەمان سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بەسەر (تەلال زوبەیعی)، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراقدا سەپێنراوە. ناوبراو تۆمەتبار کراوە بە بەدەستهێنانی ٣٥ ملیار دینار بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ڕێگەی پۆستەکەیەوە. لەم چوارچێوەیەشدا، دادگا بڕیاریدا کە سزادراو جگە لە زیندانیکردن، بڕی ٧٠ ملیار دینار وەک قەرەبووی دارایی و سزای دارایی هاوتا لە ئەستۆ بگرێت.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدا دێن کە دەستەی دەستپاکی جەخت لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی ئەو سامانە گشتییەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی تاالەنکراوە، بەبێ جیاوازی لە نێوان بەرپرس و کەسایەتییە پلەبەررزەکاندا.