عهبدولئهمیر شهممهری، بەڕێوەبەری نووسینگەی عهلی زهیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، لهمهودوا درۆن بهكاردههێنن بۆ چاودێریكردن و بهدواداچونی ئهو زێدهڕۆییانهی كراونهته سهر زەوییەکان لە بەغدای پایتەخت.
ئاوێنه: عهبدولئهمیر شهممهری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ئێمە لەبەردەم کێشەیەکداین کە پەیوەندیدارە بە تێکدانی زەوییە کشتوكاڵییهكان لە بەغدا، سەرباری دەستدرێژی بۆ سەر زەوییەکانی دەوڵەت، کە بەداخەوە بوە هۆی شەهیدبونی ئەفسەرێک و کارمەندێک و برینداربونی ژمارەیەک لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و شارەوانی بەغدا".
وتیشی "بەپێی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا بە بەشداری پارێزگاری بەغدا، سەرۆکی شارەوانی بەغدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و بریکارەکان، بۆ تاوتوێکردنی ئەم کێشەیە و گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ چارەسەرکردنی."
ئەوەشی خستەڕوو کە "کۆبوونەوەکە چەندین ئەنجام و ڕێکاری لێکەوتەوە، لە سەروویانەوە ڕاگرتنی ئەم زێدەڕۆییانە و ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونیان، جگە لە پێکهێنانی لیژنەی باڵا و لیژنە لە هەر ناوچەیەک کە بەرپرسیارێتی بەدواداچوون و تۆمارکردنی هەموو حاڵەتەکانی زێدەڕۆییان لەسەر دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا کە "پشت بە درۆن دەبەسترێت، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری تەکنیكی دیکە بۆ بەدواداچون و چاودێریكردنی بەردەوامی زەوییەکان و زێدەڕۆییەکان، تاوەکو گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی و کۆتایی بۆ ئەم کێشەیە".