قەرەسو: پرۆسەی ئاشتی لە هەڵوێستە ئەمنییەکان جیا دەکرێتەوە و پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی قۆناغێکی نوێی بڕیوە
  2026-09-08     

مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە پەسەندکردنی یاسای نوێی پەرلەمانی تورکیا دا و رایگەیاند، سەرەڕای بوونی کەموکوڕی و ئاماژەنەکردنی ڕاستەوخۆ بە پرسی کورد، دەرچوونی ئەم یاسایە وەرچەرخان و دەستپێکێکی گرنگە. بە گوتەی ناوبراو، ئەم هەنگاوە بە پشتیوانیی بەربڵاوی کۆمەڵگەی تورکیاوە دەتوانێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ بەستنەوەی چارەسەری کێشەکان بە پرۆسەی دیموکراتیکبوونەوە.

ئاوێنە: لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەرەسو جەختی لەوە کردەوە کە بۆ سەرکەوتنی قۆناغەکە، پێویستە حکومەتی تورکیا دەستبەرداری "تێڕوانینی ئەمنی" بێت و پرۆسەکە تەنیا لە چەکداناندا کورت نەکاتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پاش ڕاگرتنی تێکۆشانی چەکداری و قبوڵکردنی ستراتیژی خەباتی دیموکراتیک، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی کرداریی سیاسی هەیە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە، کەموکوڕیی سەرەکیی یاساکە لە ئێستادا ئەوەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەشێک لە سەرکردەکانی تەڤگەر ناگرێتەوە. قەرەسو دیاری کرد کە چوونەپێشەوەی پرۆسەکە لەژێر دەستپێشخەریی ئۆجەلاندایە و تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە بە ئەنجام دەگات. هاوکات داوای کرد کۆتایی بە ڕێگرییەکان بهێنرێت و ڕێگە بە دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بدرێت تاوەکو پێشگری لە دەنگۆکان و چەواشەکارییەکان بکرێت.

پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوێک لەلایەن 53 کەسایەتییەوە دژی بزووتنەوەکە، قەرەسو ئەوەی وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان تەڤگەری ئازادی و عەلەوییەکان وەسف کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە خەباتی 50 ساڵەیان پارێزگاری لە تەواوی ناسنامە و باوەڕییە چەوساوەکان کردووە و بە هەزاران گەنجی عەلەوی لەو ڕێگەیەدا گیانیان بەخشیوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراوە فەرمییەکانی عەلەوییەکان لە تورکیا و ئەوروپا ئەو ڕاگەیەندراوەیان ڕەتکردووەتەوە.

لەبارەی بەڕێوەبردنی دەڤەری شەنگال و ئاسایشی ئێزدییەکان، کەجەکە ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و گۆڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، قۆناغێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە. قەرەسو باسی لەوە کرد کە دانانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و تێکەڵکردنی هێزەکانی خۆپاراستنی شەنگال لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا وەک هێزێکی خۆجێیی، بەپێی بارودۆخی ناوچەکە چارەسەرێکی گونجاوە کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقیش.

پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا، لە ئابی 2026دا چووە قۆناغێکی یاسایی نوێوە، دوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی 468 دەنگی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی، پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی"ی پەسەند کرد، کە دواتر لە ڕۆژنامەی فەرمیی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە.

زۆرترین بینراو
موراد قەرەیلان: گەلی کورد لە سووریا پێگەی بنەڕەتی هەیە و نابێت مەیدانەکە چۆڵ بکرێت
ترەمپ دانوستان لەگەڵ تاران ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری لە ڕووداوێکی نزیک دەدات
قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات: دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت خەریکە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ‌ئومێد دەکات
حیزبەکانی رۆژهەڵات، ​لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ سەماوە
موحسین ڕەزایی: تا حەوت مەرجەکەمان جێبەجێ نەکرێت، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە
بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە ئاکرێ دوو برا کوژران و سێ تۆمەتباریش دەستگیر کران
دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: هیچ بەربەستێک لەبەردەم تۆمارکردنی خانووبەرە بەناوی هاووڵاتییانی عێراقەوە نییە
گۆڕانکاری لە جووڵەی سنوورەکانی ئێران؛ دەروازەیەک لەگەڵ عێراق دادەخرێت و جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ پاکستان دەستپێدەکاتەوە
حوسییه‌كان: وه‌زاره‌تی به‌رگریی سعودیه‌مان كرده‌ ئامانج
مستەفا سەنەد ڕوونکردنەوە لەسەر قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی 'وەیز' دەدات و پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆیی دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×