ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاشکرایکرد، واشنتن و تاران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گفتوگۆیەکی درێژخایەن و ناڕاستەوخۆیان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە ئەنجامداوە کە ماوەی ٧ مانگە بەردەوامە.
ئاوێنە: بەپێی پەیامێکی ویتکۆف کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" (X) بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی سێشەممە نێوەندگیرەکان بەردەوام لە نێوان شاندی هەردوو وڵاتدا هاتوچۆیان کردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکان. نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئەم خولەی دانوستانەکانی بە "سەرکەوتوو" وەسفکردووە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە خولێکی نوێی دانوستانەکانمان بە سەرکەوتوویی تەواوکرد کە ئومێد دەکەین بۆ ئاییندە بونیادنەر بێت، نێوەندگیرەکانیش بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان."
لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە تاران کۆمەڵێک مەرجی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز خستووەتەڕوو. دیارترین مەرجەکانیش بریتین لە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی بەسەریدا سەپێنراوە، لەگەڵ ئازادکردنی سەرجەم ئەو پارە و سامانانەی ئێران کە لە دەرەوە بلۆک کراون.
لەسەر هەمان پرس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو لەگەڵ لایەنی ئێرانی و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان دەربڕی. بەڵام لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری توندی دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ڕاشیگەیاند کە ئێران لەبەردەم دوو بژاردەدایە: "یان ڕێککەوتن یان وێرانبوون".
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدان کە هەردوو وڵات بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ وەستاندنی ئەو گرژییانەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە پەرەیان سەندووە. بەهۆی ئەم ململانێیانەوە، گەرووی هورمز داخراوە کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و بە تەنها نزیکەی پێنج یەکی (%٢٠)ی کۆی نەوتی بەکارهاتووی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت. داخستنی ئەم گەرووە و پەککەوتنی گەشتە دەریاییەکان، بووەتە هۆی قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.