عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێشنیازێکی پێشکەش بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بە مەبەستی ڕاگرتنی گرژییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی حەوت ڕۆژدا، کە دواتر دەستبەجێ گفتوگۆی گشتگیر لەسەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی تاران دەست پێدەکات. عێراقچی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک ئاماژەی بەوە کرد کە تاران چاوەڕێی وەڵامی واشنتنە و ئامادەیە دەستبەجێ دوای ڕەزامەندیی ئەمریکا، نەخشەڕێگاکە جێبەجێ بکات.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، مەرجەکانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە بریتین لە:
ڕاگرتنی تەواوی ئۆپەراسیۆن و گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە لوبنان، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ.
ئازادکردنی لانی کەم ١٢ ملیار دۆلار لە سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران.
هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران.
کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران.
هەروەها، حسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە کە ڕاگرتنی شەڕ و گرژییەکان لە یەمەنیش بەشێکە لە مەرجەکانی تاران.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونیکردەوە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم مەرجانەدا، لە حەوتەمین ڕۆژدا گەرووی هورمز دەکرێتەوە و ڕاستەوخۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان دەست پێدەکەن. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بژاردەیەکی باشتر دەبێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە چین پشتیوانی لەم پێشنیازە دەکات.
ئەم پێشنیازە نوێیە هاوشێوەی ئەو یاداشتەی لێکتێگەیشتنەیە کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی گەرووەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئەتۆمی، بەڵام پێشنیازە نوێیەکە خشتەیەکی کاتیی زۆر خێراتری هەیە لە چاو مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژەی پێشوو. پێشتر جیاوازی لە لێکدانەوەی لێکتێگەیشتنەکە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان، بەتایبەت لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، عێراقچی ڕۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ڕێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ کۆبووەتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەکەی بە "بەرهەمدار" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕی نامەکان بەردەوامن. هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەگەری کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی زیاتری لە ڕۆژانی داهاتوودا نەشاردەوە.
نیویۆرک تایمز و تۆڕی سی ئێن ئێن بڵاویان کردەوە کە پێشنیازەکە لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە ڕادەستی ئەمریکا کراوە. بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆکان ئەرێنی و بونیادنەرن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکا پەلە ناکات لە گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات بە نێوەندگیری قەتەر هیچ پێشکەوتنێکی گەورەی لێ نەکەوتووەتەوە.
پێشکەشکردنی ئەم نەخشەڕێگایە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕینەوەی لێدوانی توند لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ترەمپ هەڕەشەی "لەناوبردن"ی ئێرانی کرد ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، لە بەرامبەریشدا پزیشکیان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەى قبوڵ ناکات هیچ مەرجێکی بەسەردا بسەپێندرێت.
لە لێکدانەوەیەکدا بۆ ئەم پێشهاتە، عەلی واعیز، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە "گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان" بە نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند کە ئەمە "هەنگاوێکی زیرەکانەیە" لەلایەن تارانەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشنیازەکە بۆ سەرۆک ترەمپ سەرنجڕاکێشە چونکە دەتوانێت کۆتایی بە شەڕێکی نەخوازراو بهێنێت و نرخی وزە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول دابەزێنێت. هەرچەندە خشتە کاتییە خێراکە دەکرێت بۆ سەرۆکێکی کەمئارام جێی پەسەند بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا کار بە ڕێککەوتنێک دەکاتەوە کە تا ڕادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی ئێرانییەکان دایە.