وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمەریکا وڵاتان لە نێوان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا یان ئێران سەرپشک دەکات
  2026-09-27     

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' ئاشکرای کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا فشارەکانی بۆ سەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران چڕتر کردووەتەوە. واشنتن داوا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا دەکات کە دەبێت لە نێوان پاراستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا، یان بەردەوامیدان بە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، یەکێکیان هەڵبژێرن.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لەم مانگەدا سەردانی چەندین وڵاتی ناوچەکە و ئەورووپای کردووە و پەیامێکی ڕوونی پێداون؛ بەردەوامبوون لە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وڵات و دامەزراوانە ڕووبەڕووی ڕێکارە سزاییەکانی ئەمەریکا ببنەوە. جۆناسان بێرک، یاریدەدەری وەزیری گەنجینە بۆ کاروباری پارەدارکردنی تیرۆر، ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتن هەست بە پێشوازییەکی خێرای هاوبەشەکانی دەکات بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و هۆشدارییەکان بە جدیتر وەردەگیرێن.

​ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە پڕۆژەیەک کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە مانگی ئابی ڕابردووەوە بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری" دەستی پێکردووە. ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە، بڕینی ئەو کەناڵە دارایی و بازرگانییانەیە کە هێشتا بۆ ئێران ماونەتەوە، لەگەڵ فراوانکردنی سزای لاوەکی بۆ سەر ئەو لایەنانەی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

​سەردانەکانی بێرک تیشکی خستووەتە سەر قەدەغەکردنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی 'ماهان ئێر'ی ئێرانی، کە لەلایەن واشنتنەوە سزادراوە و تۆمەتبارە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دیکەی فڕۆکەوانی. هاوکات، گفتوگۆکان داخستنی دەروازەی مامەڵە داراییەکانی لەگەڵ لقی بانکە ئێرانییەکانی وەکو 'بانکی میللی ئێران' (گەورەترین بانکی بازرگانی ئێران) و سەندنەوەی مۆڵەت لە بانکەکانی دیکەی وەک 'بانکی میللەت' لەخۆگرتووە.

​لەم چوارچێوەیەدا، بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە چیدی لێخۆشبوون بۆ کارکردنی هەندێک بانکی ئێرانی نوێ ناکاتەوە، ئەمەش گوشارەکانی سەر تاران لە ئەورووپا قورستر دەکات. ڕۆژنامەکە باس لەوەش دەکات کە هەڵمەتەکە زیاتر لە ٥٠ وڵاتی گرتووەتەوە و وڵاتانی وەک ئازەربایجان و جۆرجیاش ڕێکارەکانیان بۆ سنووردارکردنی گەیشتنی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران بۆ خاکەکەیان جێبەجێ کردووە.

​سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا لەسەر ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ پشتڕاستی کردەوە کە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیانەوە، ڕێکاری دارایی توندیان دژی بانکەکان و دابینکەرانی خزمەتگوزاری فڕۆکەوانی ئێرانی گرتووەتەبەر و تیمەکانیان ڕەوانەی چەندین وڵات کردووە بۆ هاندان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست. بێسنت ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردایەتی ئێران هەست بە تێچووە ئابوورییەکان دەکات، بەتایبەت لەگەڵ دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکە بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی، جەختیشی کردەوە کە "هێشتا کاری زیاتر ماوە" بۆ ڕێگریکردن لە تاران بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی بە "ئەجێندای تیرۆریستی" ناوی برد.

​لە بەرامبەر ئەم فشارە چڕانەدا، تاران لە هەوڵی کەمکردنەوەی قەیرانەکاندایە لە ڕێگەی ئاراستەی دیپلۆماسییەوە؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێشنیاری بۆ وەستاندنی شەڕ و کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکان خستووەتەڕوو، لەوانە ئاگربەستێکی ٧ ڕۆژە لە بەرامبەر هەنگاوی ئابووری و ئەمنی لەلایەن ئەمەریکاوە.

​بە بۆچوونی ڕۆژنامەکە، کەمبوونەوەی متمانەی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو، بەهۆی گرژییە بەردەوامە سەربازییەکان و هەڕەشەکانی سەر هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، ڕۆڵی هەبووە لە زیاتر سەرخستنی هەڵمەتەکەی ئەمەریکا. سەرەڕای ئەمانە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرچەندە دانی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سزاکاندا نا، بەڵام ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی تەسلیمی فشارەکانی واشنتن نابێت و سزاکان تەنها ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی خەڵکەکەی زیاتر دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×