پاش ڕەتکردنەوەی لەلایەن ئەمریکاوە، ئێران سوورە لەسەر پلانی هورمز.. عێراقچی: "لە مەرجەکانمان پاشگەز نابینەوە"
  2026-09-27     

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکەوە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێداگرە لەسەر مەرجەکانی خۆی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە هەر بەرەوپێشچوونێک لەم دۆسیەیەدا، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی تەواوەتی ئەو مەرجانەوە و تاران لەو هەڵوێستەی پاشگەز نابێتەوە.

ئاوێنە: ​وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونیکردەوە کە وڵاتەکەی لە ڕێگەی نێوەندگیریی قەتەرەوە، پلانێکی کرداریی حەوت ڕۆژەی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی پێشکەش بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە. بەپێی پلانەکە، وادەکە لە کاتی قبوڵکردنییەوە لەلایەن واشنتۆنەوە دەست پێدەکات؛ بە جۆرێک لە ماوەی چوار بۆ پێنج ڕۆژدا ڕێکارە تەکنیکییەکان تەواو دەکرێن، لە ڕۆژی شەشەمدا گەرووەکە دەکرێتەوە، و لە ڕۆژی حەوتەمیشدا ئەمریکا دەچێتە ناو قۆناغی واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتاییەوە.

​سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، عێراقچی ئاشکرای کرد کە تاران کاردانەوەی سەرەتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بینیوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی هیچ وەڵامێکیان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێ نەگەیشتووە. ناوبراو وتی: "چاوەڕوانین بۆچوونی کۆتاییان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێمان بگات و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار دەدەین." هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە بڕیارەکە ئێستا لە دەستی ئەمریکادایە و ئەگەر واشنتۆن جددیەتی پێویست نیشان بدات، ئەوا گەرووی هورمز دەکرێتەوە.

​بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" کە لە زاری عێراقچییەوە گواستوویەتیەوە، مەرجەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووەکە پێکدێن لە حەوت مەرج، کە دیارترینیان بریتین لە:

​ڕاگرتنی سەرجەم کارە سەربازی و دوژمنکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ، بە لوبنان و یەمەنیشەوە.

​ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران کە بڕەکەی لە ١٢ ملیار دۆلار کەمتر نەبێت.

​هەڵگرتنی سزاکان لەسەر نەوتی ئێران.

​کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.

​عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو هەنگاوانەی لە ئەمریکا داوا کراون شتێکی نوێ نین، بەڵکو پێشتر لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتدا کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا واژۆ کراوە، جێگیر کرابوون.

​جێی باسە، بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ١٧ی حوزەیران، ئێران پابەند بوو بە ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان و دەستی بە دانوستانی تەکنیکی لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان کردبوو. لە ئەنجامدا، لە ماوەی دوو هەفتەدا جووڵەی بازرگانی بە ڕێژەی نزیکەی ٦٠٪ بۆ ئاستی پێش جەنگ گەڕایەوە. بەڵام، لە شەوی ٨ی تەمموزدا، ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە و تارانی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی تایبەت بە گەرووی هورمز، ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی جێبەجێکردنی یاداشتنامەکە و سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان.

​لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی کۆمپانیای "کپلەر" (Kpler) بۆ شیکاریی گواستنەوەی دەریایی دەریدەخەن کە قەیرانەکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جموجوڵی بازرگانی هەبووە؛ بە جۆرێک ژمارەی ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتووەتە تەنها نزیکەی ٩ کەشتی لە ڕۆژێکدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە ڕۆژانە نزیکەی ١٢٥ کەشتی گەورە بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕین.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×