لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، کەمپەینە سیاسییەکەی ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورە بووەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەیەکی نێوان خۆی، بێنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و بێسلێل سمۆتریچ وەزیری دارایی، دزەی پێکرا و بڵاوکرایەوە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"، بن گڤیر هەڵمەتێکی نوێی دەستپێکردووە و تێیدا داوای وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری دەکات بۆ خۆی، هەروەها داواکارە پۆستی وەزارەتی داد بدرێت بە تالی گۆتلیب، پەرلەمانتاری کنێست. ئامانج لەم هەنگاوانە ڕاکێشانی دەنگی زیاتری باڵی ڕاستڕەوەکانە، بەو پێیەی ناوبراو هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کورسی، نفوز و پۆستی وەزاریی زیاتر بەدەست بهێنێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانی جێگرەوەی بن گڤیر ئەوە بووە کە ئەگەر ناتانیاهۆ داواکارییەکانی ڕەتبکاتەوە، ئەوا ئەو ڕەتکردنەوەیە وەک کارتی فشار لە کەمپەینەکەیدا بەکاری بهێنێت و سەرۆک وەزیران تۆمەتبار بکات بەوەی کە پەراوێزی خستووە و دەیەوێت حکومەتێکی یەکڕیزی لەگەڵ گادی ئایزنکۆت پێکبهێنێت.
بەڵام ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن مۆتی کاستێل، پەیامنێری کەناڵی ١٤ـی ئیسرائیلی، ئەو ئامانجەی تێکدا. زانیارییە دزەپێکراوەکان دەریاندەخەن کە کۆبوونەوەکە پێش کۆبوونەوەیەکی ئەمنی ئەنجامدراوە، و ناوەڕۆکەکەی تەنها هەماهەنگیکردنی هەڵوێستی پارتەکانی نێو هاوپەیمانیی ڕاستڕەوەکان بووە بۆ هەڵبژاردنەکان، کە بن گڤیر بەشێکی سەرەکییە لەو هاوپەیمانێتییە.
لە لایەکی دیکەوە، بن گڤیر لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی ڕۆژنامەی "مەعاریڤ" ئاشکرایکرد کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتانیاهۆ لەم دواییانەدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینیوە، تا ئەو ڕادەیەی سەرۆک وەزیران چیتر وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ناداتەوە.
ناوبراو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ئەو ناکۆکییە ئاشکرایەی نێوانیان پێشوەختە ڕێککەوتنی لەسەر کرابێت بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی هەردوولا، و جەختی لەوە کردەوە کە ڕەخنەکانی بۆ سەرۆک وەزیران ڕاستەقینەن و نمایشی سیاسی نین.
بن گڤیر لەم بارەیەوە وتی: "من ڕێزم بۆ ناتانیاهۆ هەیە و شتی زۆری لێوە فێر دەبم، ئەو ٢٧ ساڵ لە من گەورەترە و وەک سەرکردەیەک لێی دەڕوانم. مافی خۆمە ئەو قسانەی پێ بڵێم، بەڵام لە ڕاستیدا هەستم بە بێڕێزیش کردووە، بۆیە ئەوەی دەیڵێم بێ هۆکار نییە."
هەروەها، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی کەسانی نزیک لە ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی دوورخستنەوەی دەدەن لە سەرۆک وەزیران، و ڕایگەیاند کە بەشێک لە کارمەندانی نوسینگەی سەرۆک وەزیران بە ناتانیاهۆ دەڵێن نزیکبوونەوەی لە بن گڤیر "ناوبانگی لەکەدار دەکات". کاتێکیش پرسیاری لێکرا ئایا بەڕاستی هەست بەوە دەکات، لە وەڵامدا وتی: "دروستە، تەواو دروستە."
لە کۆتاییدا بن گڤیر ڕوونیکردەوە کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ناتانیاهۆ، لە ڕوانگەی ئەوەوە، تەنها پەیوەست نەبووە بە ڕێزی کەسی یان دەرکەوتن لە وێنەی هاوبەشدا، بەڵکو لە دوو ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکی زۆر نزیک و پتەو بووە پێش ئەوەی لەپڕ بپچڕێت. سەبارەت بە هۆکاری ئەو گۆڕانکارییەش وتی کە ڕەنگە ناتانیاهۆ "پلانی دیکەی هەبێت"، هاوکات ئەگەری ئەوەشی ڕەتنەکردەوە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵیان هەبووبێت لە دروستبوونی ئەو بۆشاییەی نێوانیان.