پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز: تاران دەست بەسەر درۆنێکی دەریایی ئەمریکیدا دەگرێت و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر جووڵەیەکی سەربازی دەکات
  2026-09-27     

ڕۆژی یەکشەممە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە کۆنترۆڵی ژێردەریاییەکی پێشکەوتووی ئەمریکی کردووە، کە بە وتەی تاران سەرقاڵی کاری سیخوڕی بووە لە گەرووی هورمز.

ئاوێنە: ​ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە: "توانیمان درۆنێکی دەریایی پێشکەوتووی سەر بە سوپای ئەمریکا لە جۆری (ریمۆس ٦٠٠ - REMUS 600) بگرین، کە بە مەبەستی سیخوڕی لە گەرووی هورمز کاری دەکرد."

​سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئامێرە لە ڕێگەی توانای هەواڵگری و تەکنەلۆژیای جەنگی ئەلیکترۆنییەوە ئەنجام دراوە، و لە ئێستاشدا لەلایەن پسپۆڕانی ئێرانییەوە پشکنینی بۆ دەکرێت بە مەبەستی دەرهێنان و کۆنترۆڵکردنی ئەو زانیارییانەی تێیدا پاشەکەوت کراون.

​ئەم ڕاگەیاندنە مەیدانییە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵوێستێکی توندی سوپای پاسداران، کاتێک لە ڕاگەیەندراوەکەیدا بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوە کرد کە گەرووی هورمز "داخراوە"، و هەڕەشەی مامەڵەی توندی کرد بەرامبەر بە هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕین لەو ڕێڕەوانەی کە بە پێشێلکارییان دەزانێت.

​لە لایەکی دیکەوە و لەسەر هەمان پرس، ئەمیر خاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران ڕایگەیاند کە "جەنگ کۆتایی نەهاتووە"، و داوای لە هێزەکانیان کرد ئامادەبن بۆ "وەشاندنی گورزی قورس لە دوژمن". ناوبراو هۆشداریشی دایە وڵاتانی ناوچەکە و وتی: "ئەگەر بڕیار بێت ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا باڵ بکێشێت، ئەوا ئەم دۆخە هەمووان دەگرێتەوە."

​خاتەمی زیاتر وتی: "پێویستە هەموو وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە ئەوە لەبەرچاو بگرن کە هاوکاریکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاسایش ناهێنێت." جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاسایشی ناوچەکە تەنها بە دەرکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل دێتە دی، و پێشی وابوو کە "ئەم بابەتە دوور نییە."

​لە هەمان کاتدا، محەمەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی سوپای ئێران، ڕایگەیاند کە ئەمریکا ڕەنگە پەنا بباتە بەر هێرشی سەربازی، چونکە وەک خۆی دەڵێت، دۆخی واشنتۆن لە ناوچەکەدا خراپە.

​سەبارەت بە پرسی ئاسایشی گەرووی هورمزیش، ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، هۆشداری دایە واشنتۆن کە هەر هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە یان سەپاندنی هەژموونی خۆی تێیدا، ڕووبەڕووی لێدانی توندی ئێران دەبێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×