کۆماری ئیسلامیی ئێران لەرێگەی نامەیەکی فەرمییەوە کە ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە دروستکردنی هەڕەشەی ئاشکرا لەسەر مانەوە و بوونی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد. تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە "وێرانکردنی ئێران"، بەتەواوی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، غوڵامحوسێن دەرزەی، نێردەی کارگوزاری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەدا ڕایگەیاندووە کە قسەکانی ترەمپ لەمیانی وتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها گوتارێکی سیاسیی ئاسایی نەبوون، بەڵکو هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوون کە پێچەوانەی بنەماکانی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێزن و هەڕەشەن بۆ سەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
دەرزەی لە نامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ بە ڕوونی گوتوویەتی "بە خێرایی ئێران وێران دەکات". بەرپرسە ئێرانییەکە ئەم جۆرە لێدوانانەی بە بەشێک لە زنجیرەیەک هەڕەشەی بەردەوام و ئاشکرا ناوبرد کە لەلایەن سەرۆکی وڵاتێکی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە ئاراستەی وڵاتەکەی دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، نێردە ئێرانییەکە بیری هێناوەتەوە کە پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا لە مانگەکانی ئازار و نیسانی ساڵی ٢٠٢٦دا، هەڕەشەی لەناوبردن و بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی ئابووریی ئێرانی کردووە، کە وێستگەکانی کارەبا، پاڵاوگەکانی ئاو و پردەکان دەگرێتەوە.
هەروەها نامەکەی تاران باسی لەوە کردووە کە ئەم هەڕەشانەی ئەمریکا لە کاتێکدان کە ئێران پێی وایە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ـەوە ڕووبەڕووی "کردەوەی دوژمنکارانە و پێشێلکاریی گەورەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی" بووەتەوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئەمەش وا دەکات جووڵە و هەڵوێستی خێرای نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی پێویست بێت.
لە کۆتایی نامەکەدا، حکوومەتی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڕەشەکردنی ڕاشکاوانە بۆ لەناوبردنی دەوڵەتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی کاتێک لەسەر مینبەری کۆمەڵەی گشتییەوە دەدرێت، بە سەختی دەسەڵات و شکۆی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لاواز دەکات، هەروەها زیان بە بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ڕێکخراوەکە دەگەیەنێت لە ڕێگریکردن لەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان.