لە ئێستادا سێ کەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگر کە لە مانگەکانی رابردوودا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە زەریای ئەتڵەسیدا دەگەڕێن و پێكەوە نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانیان هەڵگرتووە. گەشتی ئەم کەشتییانە لە ئێرانەوە دەستی پێکرد و سەرەتا بەرەو ئاسیا رۆیشتن، پاشان بە دەوری ئەفریقادا ئاراستەیان گۆڕی بۆ رۆژئاوا. لە بەرامبەردا، بەدواداچوونەکان بۆ چەند نەوتکێشێکی دیکە کە هێزەکانی ئەمریکا لە هەمان ماوەدا رایانگەیاندبوو رێگرییان لێکردوون، دەریدەخەن کە ئەوان لە ئاسیا ماونەتەوە و دواتر بەشێکیان بارەکانیان لەوێ بەتاڵ کردووە.
ئاوێنە: بە پشتبەستن بە داتاکانی هەردوو سەکۆی تایبەت بە هاتوچۆی دەریایی "مارین ترافیک" و "کپلەر"، بەدواداچوون بۆ ٨ نەوتکێش کراوە کە پەیوەندییان بە ئۆپەراسیۆنەکانی رێگریکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەمریکاوە هەبووە لە بەهاری رابردووەوە، بۆ ئەوەی بەراوردی چارەنووسیان بکرێت دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک. ئەم هەشت کەشتییە کۆی گشتیی ئەو کەشتییانە نین کە هێزەکانی ئەمریکا مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، بەڵکو تەنها ئەو نموونانەن کە توانراوە بەپێی داتاکان، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان و دۆسیە دادگاییەکانی ئەمریکا، بەدواداچوون بۆ رێڕەو و بارەکانیان بکرێت.
بەراوردکارییەکان دەریدەخەن کە کەشتییەکان یەک چارەنووسیان نەبووە؛ سێ نەوتکێش کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکاوە و دواتر رووبەڕووی رێکارە دادگاییەکان بوونەتەوە کە هەم کەشتییەکان و هەم بارەکانیان دەگرێتەوە، لە کاتێکدا کەشتییەکانی دیکە دوای رێگریکردنیان لەلایەن ئەمریکاوە لە ئاسیا ماونەتەوە و بارەکانیان بەتاڵ کردووە.
٦ ملیۆن بەرمیل نەوت لەسەر سێ کەشتی
ئەو بڕە نەوتەی تا ئێستا لەسەر کەشتییەکان ماوەتەوە، لە سێ نەوتکێشدا چڕبووەتەوە کە بریتین لە "تیفانی" (TIFANI)، و "ماجیستیک ئێکس" (MAJESTIC X) کە لە دۆسیەکانی دادگای ئەمریکادا بە ناوی "فۆنیکس" (PHONIX) هاتووە، لەگەڵ کەشتیی "لینۆر" (LENORE).
تۆمارەکانی پلاتفۆرمی "کپلەر" دەریدەخەن کە کەشتیی "تیفانی" کە ژمارەی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (9273337)ی هەیە، لە ٥ی نیسانی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی لە دورگەی خارگی ئێرانەوە بارکردووە، و تا ئێستا هیچ تۆمارێک نییە بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەو بارە. بە هەمان شێوە، "ماجیستیک ئێکس" بە ژمارە (9198317)، لە ٩ی نیسان نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیلی لە دورگەی جاسک بارکردووە، و "لینۆر" بە ژمارە (9259367)، لە ٢٠ی ئازاردا نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیلی لە دورگەی خارگ بارکردووە. سەرجەمی ئەم سێ بارە دەگاتە نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیل نەوت.
بەپێی داتاکانی رێڕەوی کەشتییەکان، "تیفانی" و "ماجیستیک ئێکس" گەیشتوونەتە ئاوەکانی بەرامبەر کەناراوەکانی باکووری ئەمریکای باشوور دوای ئەوەی بە دەوری سەری هیوای باشدا (باکووری ئەفریقا) سووڕاونەتەوە، لە کاتێکدا "لینۆر" هەمان رێڕەوی بڕیوە و گەشتەکەی بەرەو رۆژئاوا بە ناو باشووری زەریای ئەتڵەسیدا درێژە پێداوە.
گۆڕینی رێڕەو لە ئاسیاوە بۆ زەریای ئەتڵەسی
پێشتر وێنەی مانگە دەستکردەکان گەیشتنی کەشتیی "تیفانی"یان لە ٦ی نیسانی ٢٠٢٦ بۆ رەسيفێکی دورگەی خارگ بۆ بارکردنی نەوت پشتڕاست کردبووەوە. ئەو کات کەشتییەکە بە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بەرەو رۆژهەڵات بەڕێکەوت و لە ١٩ی نیسان بە نزیک سەری دۆندرە لە سریلانکا تێپەڕی، بە مەبەستی گەیشتن بە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ناوچەیەکی دەریایی لە قەراغ مالیزیا کە چالاکیی گواستنەوەی نەوتی تێدایە.
بەڵام گەشتەکە تەواو نەکرا، چونکە دواتر ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانی فەرماندەیی ئەمریکا لە زەریای هیندی و هێمن لە ٢٠ی نیسان و لەسەر داوای وەزارەتی داد، رێگرییان لە "تیفانی" کردووە و کۆنترۆڵیان کردووە. دوای پێنج مانگ، کەشتییەکە رێڕەوەکەی گۆڕیوە و بە دەوری باشووری ئەفریقادا گەیشتووەتە زەریای ئەتڵەسی، لە کاتێکدا هێشتا بارەکەی لەسەرە. "ماجیستیک ئێکس"یش بە هەمان شێوە لە ٢٢ی نیسان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵ کرا. دواتر دادگای فیدراڵی واشنتن فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ "تیفانی"، "فۆنیکس" و "لینۆر" و تەواوی بەرهەمە نەوتییەکانی سەریان دەرکرد.
کەشتیی سکای وەیڤ؛ بەتاڵکردنی بار پێش دەستبەسەرداگرتن
کەشتیی "سکای وەیڤ" (SKYWAVE) بە ژمارە (9328716) دۆخێکی جیاوازی هەیە. لە ٤ی ئازاردا نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی لە خارگ بارکردووە، بەڵام لە ١٥ی نیسان تەواوی بارەکەی لە ناوچەی (EOPL) لە کەناراوەکانی مالیزیا بەتاڵ کردووە، واتە مانگێک پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەستی بەسەردا بگرن. لە دۆسیە دادگاییەکانی ئەمریکاشدا، تەنها ناوی کەشتییەکە هاتووە بەبێ ئاماژەدان بە باری نەوتەکەی. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ئازاری ٢٠٢٥ بە ناوی پێشوویەوە (BLUE GULF) سزای بەسەر ئەم کەشتییەدا سەپاندبوو.
رێگریکردن مەرج نییە بە واتای دەستبەسەرداگرتن بێت
دۆخی سێ نەوتکێشی دیکە کە بریتین لە "دۆرێنا" (DORENA)، "دیپ سی" (DEEP SEA)، و "سێڤین" (SEVIN) جیاوازە. لە ٢٢ی نیسان، رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا رێگرییان لەم سێ کەشتییە کردووە لە ئاوەکانی ئاسیا لە نزیک هیندستان، مالیزیا و سریلانکا.
دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک، داتاکان دەریدەخەن کە "دۆرێنا" کە لە ٢ی نیسان نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیلی بارکردبوو، لە ١ی ئابدا بارەکەی لە کەناراوەکانی مالیزیا بەتاڵ کردووە. هەروەها "دیپ سی" کە لە هەمان بەرواردا باری هەڵگرتبوو، لە ١٩ی تەمموز لە ناوچەی گەرووی مەلەکە نەوتەکەی بەتاڵ کردووە. لە لایەکی ترەوە "سێڤین" لە کۆی ملیۆنێک بەرمیل کە هەڵیگرتبوو، نیوەی بارەکەی لە ١٧ی تەمموز لە کەناراوەکانی مالیزیا بەتاڵ کردووە.
سەبارەت بە کەشتیی "دێریا" (DERYA)، سەرەڕای ئەوەی گومان دەکرا ئەمریکا رێگری لێکردبێت لە بەتاڵکردنی بارەکەی لە هیندستان، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە کەشتییەکە دوو ملیۆن بەرمیلی لە مانگی ئازاردا بارکردووە و دواتر لە ١٤ی ئایار لە مالیزیا بەتاڵیکردووە، تەنانەت لە مانگی ئابدا باری نوێشی هەڵگرتووە.
جیاوازیی چارەنووسی ئەم کەشتییانە پەیوەندی بە رێکارە جیاوازەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاوە هەیە، کە پۆلێنی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکات بۆ: ئاراستەکردنەوەی کەشتییەکان، پەکخستنی ئەو کەشتییانەی بەردەوام دەبن لە گەشتەکانیان، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی لەسەر داوای وەزارەتی داد وەک ئەوەی لەگەڵ "تیفانی" و "ماجیستیک ئێکس" روویدا. وەک نموونە، فەرماندەیییەکە رایگەیاندووە کە تا مانگی حوزەیران ئاراستەی زیاتر لە ١٤٠ کەشتییان گۆڕیوە و ٩ کەشتیشیان پەکخستووە.