سعودیە و حکومەتی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازییان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەنعا دەستپێکرد
  2026-10-05     

وەزارەتی بەرگریی سعودیە و حکومەتی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشیان لەژێر ناوی "فەجری یەمەن" ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵی شاری سەنعا و چەند ناوچەیەکی دیکەیە لە دەستی چەکدارانی حوسی.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی دوشەممەوە نزیکەی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لەم پرۆسەیەدا کردوە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە زەمینییەکانی یەمەن. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردوە کە تەنها لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکاندا، توانراوە ٣٢٤ ئامانجی دیاریکراو بپێکرێن و پاراستنی ئاسمانیی گەروی باب ئەلمەندەب خراوەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە. لە هەمان کاتدا، سەرچاوە ناوخۆییەکانی یەمەن باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە جەنگییەکان چەندین پێگەی حوسییەکانیان لە ناوخۆی شاری سەنعا کردوەتە ئامانج.

​لەسەر ئاستی مەیدانی و زەمینی، هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەستیان بە پێشڕەوییەکی بەرفراوان کردوە بەرەو ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە. سەرچاوە سەربازییەکان پشتڕاستیان کردوەتەوە کە پێکدادانی توند لە نێوان هەردولا بەردەوامە و هێزەکانی حکومەت توانیویانە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی "زوباب" لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعز پێشڕەوی بکەن. ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەم جوڵە سەربازییە، گێڕانەوەی دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆتاییهێنانە بە بونی حوسییەکان لەو ناوچە ستراتیژییانە.

​سەبارەت بەم پێشهاتانە، ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، لە پەیامێکدا جەختی لەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە کردەوە و ڕایگەیاند کە "فەجری یەمەن" بە ئامانجی ڕزگارکردنی سەنعای پایتەخت و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حوسییەکان دەستی پێکردوە، کە ناوبراو لە پەیامەکەیدا بە "کودەتای میلیشیا تیرۆریستەکان" ناوی بردن.

​ئەم پەرەسەندنە سەربازییە گەورەیە لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردودا، حوسییەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کەناراوەکانی دەریای سور و گەروی باب ئەلمەندەبدا سەپاندبو، ئەمەش مەترسی و نیگەرانیی لێکەوتبوەوە بۆ سەر ئاسایشی هاتوچۆی بازرگانیی جیهانی.

​جێی باسە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە سعودیە سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی سەربازی دەکات بە ئامانجی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی شەرعی بۆ یەمەن. ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەش بە گەورەترین هەڵمەتی سەربازیی ئاسمانی و زەمینی هەژمار دەکرێت لە دوای ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا هاتە ئاراوە و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کاری پێکرا.

زۆرترین بینراو
ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی: کشانەوەی ئەمریکا خاکی عێراق دەکاتە ئامانجێکی کراوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانمان
سه‌باح نوعمان: ئه‌وانه‌ی له‌ به‌غدا سوكایه‌تییان به‌ ئاڵای ئه‌مریكا كرد، ده‌ستگیركران
کاردانەوەکانی سزادانی ئامەدسپۆر؛ دەم پارتی تۆمەتی "رەگەزپەرستی" ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکات
لەنێوان هەڕەشە و دیپلۆماسیدا؛ تڕەمپ هۆشداری بەکارهێنانی هێز دەدات و تارانیش پلانێکی حەوت ڕۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشنیار دەکات
حەوت ساڵە هەفتانە ڕوو لە چیاکان دەکەن: ٨٠ ژنی هەورامان گرووپێکی شاخەوانییان پێکهێناوە
«شەپۆلێکی تاوەباران و هەورەبروسکە ڕوو لە هەرێم دەکات؛ زۆرترین کاریگەری لەسەر سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت»
"هه‌فته‌ی داهاتو به‌غدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خه‌رج ده‌كات"
بڕیاری دادگا دەرچوو؛ مەزڵوم عەبدی بەفەرمی ناوی خۆی لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا گۆڕی
په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌: سه‌فین دزه‌یی له‌باره‌ی بڕینه‌وه‌ی دار له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان لێدوانی نه‌داوه‌
نرخی شیش و چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازی بەرزبووەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×